×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: عێراق ئاگاداری چالاکییەکانمانە لەسەر سنووری هاوبەشمان

2020-06-29
بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە
فۆتۆ: .
ئێستا - شەفەق نیوز
ئێستا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس موسەوی، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکاندا پەیوەندیمان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە "تیرۆریستییەکانی" سەرسنووری ئێران و هەرێمی کوردستان، کە مەبەست لێی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە ناوچەکە.

بەپێی هەواڵێکی شەفەق نیوز، عەباس موسەوی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستبووە سەر پرسی تۆپبارانەکانی سنووری هەرێم و ئێران و وتی، "ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەچێتە چوارچێوەی کاری هاوبەشی هەریەکە لە ولاتانی ناوچەکە، لەوانەش ئێران و تورکیا و عێراق، شتێکی ئاساییشە تاران بەرگری لە سنوورەکانی بکات و حەشارگەی تیرۆریستان وێرانبکات".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکراشی کرد کە "بەرپرسە عێراقییەکان ئاگاداری چالاکییەکانی ئێران بوون بەرانبەر کۆمەڵە تیرۆریستییە ناسراوەکانی ناوچەکە، هاوکاتبوونی لێدانە تورکی و ئێرانییەکانیش سودفە بووە، سەرەڕای ئەوەی هەموو وڵاتان لەم ناوچەیە پێداگرن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

مەبەست لە وشەی "کۆمەڵە تیرۆریستییەکان"ی وتەبێژەکە، هەریەکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە، کە لە چەند ساڵی ڕابردووشدا بۆردومانی بارەگاکەی حدکای کرد لە کۆیە.

لە ماوەی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و وشکانییەکەی تورکیا، تۆپهاوێژەکانی ئێران، تۆپبارانی سنوورەکانی نزیک حاجی ئۆمەران و باڵەکایەتییان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش، بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد، ئیرەج مەسجیدی کرد و سەرکۆنەی هێرشەکانی کردن.



‌ئێستا