×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

پلاندانانی عێراق: کۆی بەرهەمی ناوخۆ بە ڕێژەی 12.3% دابەزیوە

2020-06-29
کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق
فۆتۆ: فرانس پرێس
ئێستا - سۆمەریە نیوز
ئێستا
وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دوێنێ یەکشەممە، ڕایگەیاند کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆ لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی لە سەدا 12.3 دابەزیوە.

دەزگای ناوەندی بۆ ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ڕاپۆرتێکدا، کە سۆمەریە نیوز ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردبووەوە، باسی لەوە کرد، "بەرهەمی ناوخۆ بەپێی نرخی سەرەکیی گۆڕاو لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020ـدا، گەیشتووەتە 53 ترلیۆن و 129 ملیار دیناری عێراق، کە بەرانبەر 44.9 ملیار دۆلار".

دەزگاکەی سەربە پلاندانان لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەو ماوەیەدا کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆ، بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2019، "بە ڕێژەی لە سەدا 12.3 بەپێی نرخی سەرەکیی گۆڕاو دابەزیوە، هەروەها بەپێی نرخی جێگیریش بە ڕێژەی لە سەدا 10 دابەزیوە".

سەرنجی بۆ هۆکاری دابەزینەکەی ڕاکێشا، "دابەزینەکە پەیوەندی بە دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەوە هەیە، کە هۆکارەکەی دابەزینی نرخی نەوتە، هەروەها دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ کە هۆکارەکەی وەرزییە، سەرەڕای دابەزینی چالاکیی تەلارسازی و بونیاتنان کە پشتی بە بودجەی وەبەرهێنان دەبەستێت".

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیش کراوەتەوە، ئەو قەیرانە ئابوورییەی عێراقی پێدا تێدەپەڕێت بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە، کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر کۆی بەرهەمی ناوخۆ.

کۆی بەرهەمی ناوخۆ، زاراوەیەکی ئابوورییە بۆ بەهای بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری بە درێژایی ساڵێک بەکاردێت، گوزارشتیش لە لێوەشاوەیی میکانیزمی ئابووریی وڵات دەکات.



‌ئێستا