×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

کرێکارێکی بیانی بۆ فرانس پرێس: یەک دینارم پێ نییە و دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم

2020-06-27
بازاڕێکی میللی لە شارێکی عێراق
فۆتۆ: الحرة
ئێستا - فرانس پرێس
ئێستا
ڕەجیب شێخ سێ مانگە کرێی کارەکەی وەرنەگرتووە، ماوەیەکیشە خاوەنکارە عێراقییەکەی ژەمە خواردنەکانی ڕۆژانەی پێنادات، ئیدی هاووڵاتییە بەنگلادیشییەکە بۆ یەکەمجار داوای لە خێزانەکەی کرد پارەی بۆ بنێرن، کە سەرەتا لەپێناو ژیاندنی ئەوان بۆ عێراق هاتبوو.

بارودۆخی ئەم چێشتلێنەرە تەمەن 26 ساڵە، کە ساڵی 2013 هات بۆ شاری بەسڕە، هاوشێوەی بارودۆخی هەزاران کرێکاری دیکەی بیانین کە لە وڵاتانی ئاسیاییەوە هاتوون؛ بە شێوەیەک لە وڵاتێکدا گیریان خواردووە، کە نە کاری تێدا ماوە و نە بەهۆی بێپارەییشەوە دەتوانن بەجێیبهێڵن.

کرێکارێکی گەنج، کە ناوی محەممەدی لە خۆی ناوە تاوەکو خاوەنکارەکانی لەیادیان بمێنێت، وتی، "عادەتەن ئێمە پارە بۆ خێزانەکانمان لە نیشتمان دەنێرینەوە".

نەفیس عەباس، کرێکارێکی دیکەی بیانییە و خێزانەکەی لە پاکستان بەجێهێشتووە. چەند ڕۆژێک لەمەوپێش دوکانی بەرگدرووی خاوەنکارەکەی کردبووەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چوار مانگ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە، قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری ڕاگەیەندرابوو، نەیتوانیبوو بیکاتەوە.

"یەک دینارم پێ نییە"
نەفیس لەسەر ئامێری دروومانەکەی و ڕووبەڕووی ئاوێنەیەک، قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کرد و وتی، "دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم، بەڵام یەک دینار لە گیرفانمدا نییە. تێچووی گەڕانەوەم بۆ پاکستان 700 دۆلارە، منیش یەک دینارم نییە".

مونجیر ئیسلامیش هەموو شتێکی لەدەستداوە. ئێستا 30 ساڵە و نۆ ساڵی لە عێراقدا بەسەر بردووە، بەمدواییانە هانای بۆ کونسوڵگەری وڵاتەکەی بردبوو، تاوەکو یارمەتی بدەن.

مونجیر بە ئاژانسەکەی وت، "باڵیۆزخانە پەیوەندییان پێوە کردین و پێشنیازی شوێنی خەوتن و خواردنی بۆ کردین".

محەممەد ڕەزا کەبیر، دیپلۆماتکاری بەنگلادیشی، تێبینی تێکچوونی بەردەوامی بارودۆخی هاووڵاتییەکانی لە چەند هەفتەی ڕابردوو کردبوو، وتیشی، "لەنێو 250 هەزار کرێکاری بەنگلادیشی کە ناویان لە عێراق تۆمارکراوە، 20 هەزاریان کارەکانیان لەدەستداوە".

لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمپانیا نەوتییەکان ژمارەی کارمەندەکانیان کەم کردبووەوە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ دابەزینی نرخی نەوت و تێكچوونی بارودۆخی ئابووریی وڵاتەکە. ڕەزا کەبیر لەوبارەوە وتی، "ژمارەیەک کرێکار دەرکراوە بەبێ ئەوەی مووچە و کرێکانیان بدرێتێ".

دیپلۆماتکارەکە لە باڵیۆزخانەی بەنگلادیش کار دەکات، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا تاوەکو ئێستا پێشوازییان لە نۆ هەزار بەنگلادیشی کردووە، کە کارەکانیان لە کۆمپنیا نەوتییەکان لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لەسەر 10 هەزار خاوەنکار لە عێراق، لە سەدا 40ی خاوەنکارەکان، کرێکار و کارمەندەکانیان ناردووەتەوە ماڵەوە، هەندێکیشیان باسیان لەوە کردووە کە ئومێدی گەڕانەوەی بارودۆخی پێش پەتاکەیان نییە، تەنانەت ئەگەر شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش کۆتایی بێت.

خراپتر بەڕێوەیە؟
سالم ئەحمەد، بەڕێوەبەری چەندین چێشتخانەیە و زیانی مانگانەی بە نزیکەی 20 هەزار دۆلار هەڵدەسەنگێنێت. ئەمەش دۆخی ئەو 80 کارمەندەی لەلای کار دەکەن، دەخاتە مەترسییەوە، کە 12 کارمەندیان بیانیان و لە بەنگلادیش و میسڕەوە هاتوون، ئەگەرچی هێشتاش ناتوانن مووچەکانیان وەربگرن.

لەگەڵ دابەزینی داهاتی نەوت، سالم وتی، "حکوومەت لە مانگی تەمموزدا داوامان لێدەکات باج بدەین، هیچ پلانێکیشی نییە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ کۆمپانیاکان".

سەرۆکی لقی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە عێراق، بە فرانس پرێسی وت، "دەبێت دەسەڵاتداران هاریکاریی بەپەلەی کرێکاران خەرجبکەن، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کارەکانیان نافەرمییە".

بەهۆی ئەم کارە نافەرمییانەوە، محەممەد فازڵ حەقی تەمەن 49 ساڵ، کە لە بەنگلادیشەوە هاتووە، چەندین ساڵ خێزانەکەی بەخێودەکرد. مانگانە دوکانێکی دەدۆزییەوە کە پێویستیان بە کرێکارێکی نوێ هەبێت.



‌ئێستا