×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سلێمانی.. دانیشتووانی گوندێک 200 ساڵە لە ئاوی کانیاو خوێ بەرهەم دەهێنن

2020-06-26
بەرهەمهێنانی خوێ لە کانیاو، گوندێ خوێڵین، ناحیەی سەنگاو، سلێمانی
فۆتۆ: AA
ئێستا - ئانادۆڵو
ئێستا
گوندی خوێڵین سەربە ناحیەی سەنگاوە و بە دووریی 103 کم دەکەوێتە ڕۆژاوای شاری سلێمانی، ماوەی 200 ساڵە لەڕێی ئەستێڵی ئاوەوە، خوێ بەرهەم دەهێنرێت.

ئەم گوندە بە کارگەی بەرهەمەمهێنانی خوێ بەناوبانگە لەڕێی ئاوی کانیاوەوە، نەک دەریا. هاوشانی خوێ، چەندین کانزای تر لەوانە گۆگرد لەڕێی کانیاوەکانییەوە دەست دەخرێت.

ئەشکەوتی کونە کەمتیار، کە نزیکی ئەم گوندەیە یەکێکە لە درێژترین ئەشکەوتەکانی هەرێم کە بووەتە جێی سەرنجی زۆرێک لە گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی.

ساڵانە هاووڵاتییانی ئەم گوندە سەرقاڵن بە بەرهەمهێنانی خوێوە کە کوالیتیەکی بەرزی هەیە، بەپێی وتەی خەڵکی گوندەکە، خۆێیەکەیان حەوت هێندەی خوێی ئاسایی سوێرترە.

کاتێک دەچیتە گوندەکەوە سەرەڕای بەدیکردنی تایبەتمەندی جیاواز لە گوندەکەدا، هەست دەکەیت کە هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ گوندە نەچووە لە خوێندنگە و شەقامی تایبەت.

ئومێد خوێڵینی، کە یەکێکە لەو کەسانەی سەرپەرشتیاری دەرهێنانی خوێ دەکات لەو گۆلانەی لە ناوچەکەدا کانگایەکی باشی بەرهەمهێنانی خوێیەکەن، ئاماژە بەوە دەکات کە مێژووی دەرهێنانی خوێ لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٨٣٠، ئەو کات هێندە زۆر بووە کە تەنیا بە سەتڵ دەریان کردووە و وتی، ''لە باوکم و باپیرم و باوکی باپیرمەوە هەر خەریکی ئەم کارەبوون و لێرە خوێیان دەردەکرد، دەتوانم بڵێم پێش 200 ساڵە ئەم کانە خوێیە هەر هەبووە، زۆرێک لە خوێیەکانی تر لە شاخ دەیهاڕن، یان هەندێکیانی تری لە باشوورەوە لە کەنار و ڕۆخی دەریاکاندا بەدەستی دەهێنن، هەمووی لە گۆلاودا دەریدەهێنن، بەڵام لێرە ئاوێکی پاک هەڵدەقوڵێت، لەوێوە خوێیەکە بەرهەم دەهێنین.''

ئەوان لە بەهاردا و بە دیاریکراوی لە مانگی نیسانەوە دەست دەکەن بە کارکردن بۆ بەرهەمهێنانی خوێ، و لەوبارەیەوە ئومێد وتی، ''لە مانگی چوار و پێنجدا دەست دەکەین بە کارکردن لە نزیک ئەم ئەستێڵانە، ئەوەی قوڕی لەگەڵدا بێت جیای دەکەینەوە، گۆلەکە سواخ دەدەین و دەیکوتینەوە، ئاو دەکەینە ئەستێڵەکان، لەوێوە دەڕژێنە گۆلەکانەوە، هەتا ئەو کاتەی باران دەبڕێت، دوای ئەوە لە مانگی حوزەیران بۆ تەمووز دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی خوێ و ئێمەش دەست دەکەین بە خوێ دەرکردن.''

سەبارەت بە چۆنیەتیی دروستبوونی ئەو خوێیە ئومێد وتی، ''ئاوی کانیاوێک هەیە کە سوێرە، لەوێوە بەبۆری ئاوەکە ڕادەکێشینە نێو چەند ئەستێڵێکەوە، لەو ئەستێڵانەدا ئاوەکە گل دەدەینەوە و دواتر بەسەر گۆلەکاندا دابەشیان دەکەین، دواتر لە گۆلەکانەوە خوێیەکان دەردەکەین.''

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بەهۆی کەمیی بارانبارینەوە گۆلەکە زووتر خوێی دەرکردووە.

ئومێد باس لەوە دەکات کە ناوچەکەیان 83 گۆلی خوێی تێدایە، ڕۆژانە 3 بۆ 10 کەس بەپێی پێویستی لە گۆلەکاندا کار دەکەن.

ئومێد باس لەوە دەکات کە ئەوان خوێیەکە ڕەوانەی دەرەوەی دەکەن و زۆر شوێن داوای ئەو جۆرە خوێیە دەکەن بەهۆی بەرزیی کوالیتیەکەیەوە، لەوانە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، چەمچەماڵ، قەرەداغ، سلێمانی، بازیان، هەولێر و کەرکووک-یش زۆر جار داواکاری لەسەرە و دەڵێت:
''لە ساڵی 2008 لە ناوچەی شێخان لەلایەن کەسانی بیانییەوە پشکنین بۆ ئەم خوێیە کراوە، باس لەوە کراوە کە یەک کیلۆی ئەم خوێیە هێندەی حەوت کیلۆی خوێی ئاسایی تر سوێرە، بۆیە لە ڕووی کوالیتییەوە زۆر باشە و خەڵک لێی ڕازین.''

سەبارەت بە قورسی و ئاسانی کارکردن لەو گۆلانەدا بۆ دەرهێنان و بەرهەمهێنانی خوێ، ئومێد ئاماژە بەوە دەکات کە کارکردن لەو گۆلانەدا قورسە و لێزانینی دەوێت و وتیشی، ''قوڕدەردان و کوتینەوە و خوێ دەرکردن بۆ ناو گوێنی و دوورینەوەی گوێنیەکە و پاشان کۆڵکردنێتی بۆ نێو ئۆتۆمبێلەکان کە لێرەوە دوورن بەهۆی نەبوونی ڕێگاوە، ئەمە بۆخۆی قورسی کارەکە دەردەخات.''

سەبارەت بە نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەیشتن بە شوێنی دەرکردنی ئەو خوێیە کە بەپێی وتەی زۆرێک لە بارزگانەکان کوالیتیەکی بەرزی هەیە، ئەو سەرپەرشتیارەی دەرکردنی خوێ ئاماژە بەوە دەکات کە حکوومەت بەهیچ جۆرێک ئاوڕی ئاوەدانی لەو ناوچەیەی ئەوان نەداوەتەوە، هەر لە گوندەکەوە بیگرە تا شوێنی دەرهێنانی ئەو خوێیە کە دەکرێت بکرێت بە بەرهەمێکی خۆماڵی بەپێز و لە زۆر لاوە سوودی لێوەربگیرێت.

ناوبراو باس لەوە دەکات کە بۆ ترشیات، زەیتون، بۆ خواردن دەست دەدات بەهۆی کوالیتییەوەکە و ئاماژە بەوە دەکات لەئێستادا، بەرهەمهێنانی خوێ لە ناوچەکەدا کەمی کردووە لە چاو ساڵانی 1990ـدا و دەڵێت ''لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، ساڵانە هەزار بۆ هەزار و 400 تۆن خوێی دەردەرکرد، بەڵام ساڵی پار تەنها 400 تۆن خوێی دەکردووە لە دوای بوومەلەرزەکەی 2017ـەوە ئەو کانییە ئاوی شیرینی تێکەڵ بووە ئەو بەرهەمەی جارانی نەماوە".

ئومێد ئاماژە بەوە دەکات کە بەردەوام خوێیەکەیان کڕیاری تایبەتی خۆی هەیە لەوانە لە کەرکووک، هەولێر و سلێمانی-یەوە بەتایبەت بۆی دێن و دەیبەن و ساغی دەکەنەوە.



‌ئێستا