×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سەرۆکی هەرێم بۆ یەکێتی: له‌ هه‌مووكاتێك زياتر پێويستيمان به‌ ته‌بايى و كارى هاوبه‌شە

2020-05-31
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
ئێستا - هەولێر
ئێستا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەبۆنەی چلوپێنجەمین ساڵیادی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاوسەرۆکان و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە کرد و ڕایگەیاند "له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ ته‌بايى، كارى هاوبه‌ش و يه‌كڕيزى هه‌يه‌ كه‌ تاکه‌ ڕێگه‌ى سه‌ركه‌وتن و بنه‌ماى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانه‌‌".

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا، کە کۆپییەکی گەیشتووە بە تۆڕی میدیایی ئێستا، ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێتی بەشێکی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانە، و ڕایگەیاندووە، "یەكێتيى نيشتمانيى كوردستان لەگەڵ پارتی ديموكراتى كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوونە لە ده‌سكه‌وته‌كان و پرۆسەی سیاسی و بنياتنانى دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی هەرێمی کوردستان، وەک عێراق و ناوچەکە، ڕووبەڕووی "دۆخێکی هەستیار و تەحەدیاتی گەورە" بووەتەوە، و ڕایگەیاندووە "له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ ته‌بايى، كارى هاوبه‌ش و يه‌كڕيزى هه‌يه‌ كه‌ تاکه‌ ڕێگه‌ى سه‌ركه‌وتن و بنه‌ماى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانه‌‌. له‌ ڕابردوودا هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ ئه‌مڕۆ به ‌ڕێزه‌وه يادى ده‌كه‌ينه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، سه‌لمێنه‌رى ئه‌و ڕاستييه‌ن".

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاندووە، "بۆ سه‌قامگيريى سياسى و یەكهەڵوێستى لەسەر پرسە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان، تێپەڕاندنى سه‌ركه‌وتووانه‌ى دۆخه‌كه‌، پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان، سەرۆكایەتيی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان له‌ هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، چاوه‌ڕێى هەڵوێستی كوردستانیانه‌ش له‌ هه‌مووان دەكەین".

لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی-دا هاتووە، "له‌م ياده‌دا دروود بۆ گيانى شه‌هيدانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان كه‌ گيانيان له‌پێناو ئازاديى گه‌له‌كه‌ياندا به‌خشى، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌ به‌رده‌مياندا داده‌نوێنين و سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانيان ده‌نێرين".



‌ئێستا