×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

گەڕانەوەی ئەبەدی لە زنجیرەی 'Dark'ی ئەڵمانی

2020-05-29
پۆستەری زنجیرەی دارک
فۆتۆ: .
ئێستا - ئەلجەزیرە
ئێستا
ئەگەر بە زەمەندا بۆ ڕابردوو بگەڕێیتەوە، لە سەردەمێکدا کە باپیرم گەنج بێت و باوکیشم هێشتا لەدایک نەبووبێت، منیش بە هەڵە باپیرم بکوژم، ئایا لەم حاڵەتدا من بوونم هەیە؟ ئەگەر بەڵێ، چۆن شتێکی وا دەبێت لە کاتێکدا هێشتا باوکم لەدایک نەبووە تاوەکو منی ببێت؟ ئەگەر نەخێر، ئەی کێ باپیرمی کوشتووە؟ کێشەی باپیر گەورەترین پرسە ئەگەری گەشتکردن بە کات دەیخاتەڕوو، بەڵکو بەربەستێکیش دروست دەکات لەوەی ئەقڵمان لە ئەگەری گەشتکردنە تێبگات، ئەگەرچی لەڕووی ماتماتیکەوە ڕاستیش بێت.

بەڵام یەکەم زنجیرەی ئەڵمانیی کۆمپانیای نێتفلێکس تەحەدای ئەم ئاڵەنگارییە دەکات، لە زنجیرەکەدا ڕێگە بۆ وێناکردنی گەشتکردن بۆ چوار زەمەنی جیاواز خۆشدەکات، بە شێوەیەک هەموو ئەو بەرجەستەبوونانەی ئەم کێشەیە دروستیان دەکات، دەیانخاتەڕوو، بەشێوەیەکی ورد و کوالیتیبەرز پرسەکە پیشاندەدات و ئەو پرسە فەلسەفی و زانستییانە تێهەڵکێشدەکات کە فکری ئەڵمانی پێوەیان مژوڵە.

جیاوازی نێوان ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، تەنها وەهمێکی کەللەڕەقانە و بەردەوامە 

- ئالبێرت ئاینشتاین

ڕووداوەکانی زنجیرەکە لە شارۆچکەی ڤیندنن، کە وا پیشاندەدرێت لە جیهان دابڕاوە. لە زنجیرەکەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی هەر یەکە لەوانەی لە ڤیندن ژیاون و مردوون، کە بە گەشتکردن بۆ ساڵەکانی 1921، 1953،1986 و 2019، دەتوانیت دەستوپەنجە نەرمبکەیت لەگەڵ وردەکاریی ژیانی هەر یەکێکیان لەپێش لەدایکبوونی تاوەکو دوای مردنی، ئەمەش بنەمای هۆکاربەندێکی ناو گەردوون ڕووندەکاتەوە؛ کە هیچ شتێك بە ڕێکەوت ڕوونادات، هەموو شتێك لەبەر هۆکارێک ڕوویداوە و دەبێتە هۆکاری ڕوودانی شتێکی دیاریکراوی دواتریش. ئەم پەیوەندییەی نێوان کەسایەتییەکان، دەبێتە کۆمەڵێک وێنە تاوەکو ئەوەی لە ساڵی 2019 ڕوودەدات بتوانیت بیبەستیتەوە بە ڕووداوێک یان چەند ڕووداوێکی ساڵی 1921.

وتەکەی ئاینشتاین سەبارەت بە یەکخستنی سێ زەمەنە جیاوازەکان و بەیەکدانانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، لە یەک زەمەن کە بەهەمان شێوە و لەهەمان کاتدا هەن، کرۆک و بیرۆکەی سەرەکیی زنجیرەکەیە. زەمەنەکان، بە بێپەیوەندی بەدوای یەکدیدا نایەن، بەڵکو پەیوەستن بە یەکدییەوە و کاریگەریش دەکەنە سەر یەکدی؛ ئەوە تەنها ڕابردوو نییە کە کار دەکاتە سەر داهاتوو، بەڵکو خودی داهاتووش دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕابردوو دروستبکات. ئەم چەمکە بە چەمکی گەڕانەوەی ئەبەدی بەراوردکراوە، کە تێڕوانینی یەکئاڕاستەییمان بۆ زەمەن دەگۆڕێت، واتە زەمەن هەردەم بەرەو پێش دەڕوات، بەڵکو دەیگۆڕێت بە تێڕوانینێکی بازنەیی؛ هەموو سەرەتایەک کۆتاییە و هەموو کۆتاییەکیش سەرەتایە، ئەمەش هیچ کۆتاییەکی نابێت.

فرێدریک نیچە، فەیلەسووفی ئەڵمانی لە کتێبی " Die fröhliche Wissenschaft – زانستی شاد" سەبارەت بە بیرۆکەی گەڕانەوەی ئەبەدی، لەژێر ناونیشانی "گرانترین باری سەرشان" نووسیوویەتی، "ئەگەر ڕۆژێک یان شەوێک، ئەهریمەنێک دزەی کردە ناو تەنهاییترین تەنهاییتەوە و پێی وتیت، ئەم ژیانەی دەژیت و ژیاویت، دەبێتە جارێکی دیکە بیژێیتەوە و چەندین جاری دیکەش بیژێیتەوە؛ هیچی نوێشی تێدا نابێت و دەبێت هەموو خۆشی و هەموو بیرۆکە و ئاخهەڵکێشان و هەموو شتێكی گەورە و بچووکیش بێتەوە سەر ڕێگەی ژیانت، هەر هەمووی وەک خۆی و چەندبارە – تەنانەت ئەم جاڵجاڵۆکە و تریفەی مانگە نێوان درەختەکان، تەنانەت ئەم ساتە و بگرە منیش. کاتژمێری لمی ئەبەدیی بوون دووبارە و سێبارە و چەندبارە دەبێتەوە، تۆش لەگەڵیدا، هیچ نییت جگە لە دەنکۆڵەیەک تۆز".

دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە بابەتی تەنهایی گرنگییەکی زۆری لە کتێبەکانی نیچەدا هەیە، بەشێوەیەک کە بە نموونەییترین ڕێگەی دادەنێت تاوەکو لێوەی مرۆڤ خۆی بناسێت و بگاتە هاوڕێیەتییەکی ڕەها لەگەڵ خۆیدا. لەبەرئەوە تەنهایی مەرجێكی سەرەکیی نیچە بووە بۆ ئەوەی بتوانێت تێیدا قوڵ لەوە تێڕابمێنێت کە ئەهریمەنەکە وتوویەتی و ئەزموونی هزریی گەڕانەوەی ئەبەدی هەزمبکات، ئەو گەڕانەوەیەی کە لە کەسایەتیی ئادەم و بەتایبەتیش یۆناسی لاودا، کە لە زنجیرەکەدا تیشکی خراوەتەسەر، تێبینی دەکەین، تەنهابوونی یۆناسی لاوە لە ژوورەکەیدایەتی، لەناو بیرکردنەوە تایبەت و ناوەکییەکانی قاڵ بووەتەوە، تاوەکو لە سروشت و جەوهەری ئەوە تێبگات لە دەوروبەری ڕوودەدات.

گەڕانەوەی ئەبەدی نیچەوی، لەسەر بنەمایەکی سەرەکی دادەمەزرێت کە بەندە بە تێڕوانینێکی بازنەیی و ڕەتکردنەوەی ڕیشەییانەی تێڕوانینی باوی ڕاستەوڕێك بۆ زەمەن، نیچە دەنووسێت، "هەرچی ئاڕاستەوەرگرتنی ڕاستەوڕێکە، ئاڕاستەیەکی هەڵەیە و هەقیقەت چەماوەییە، چونکە زەمەن خۆی هێڵێکی بازنەییە و سەرەتاکەی بەر کۆتاییەکەی دەکەوێت"، لەبەرئەوەی لە ڕوانگەی زەردەشتەوە کە لەسەر لوتکەی کێوێک ڕاوەستاوە، بینینی گشت ڕێی تێدەچێت: ئەبەدیەتی ڕابردوو و ئەبەدیەتی داهاتوو لە ڕاستیدا یەک شتی یەکگرتوون لە یەک ساتدا کە ناوی "ئێستایە". ئێستا گشت و گەردوونییە، ئەوەی دوێنێ ڕوویدا و ئەوەی سبەی ڕوودەات، هەردەم لە ڕووداندان، ئەو ساتە چکۆلە ئاییندەییەی لە داهاتوودا دێت، هەردەم دێت. بیرۆکەی گەڕانەوەی ئەبەدی بە پێدانی مانای ئەبەدیەت، ساتە چکۆلەکان پیرۆز دەکات. کەواتە هەموو شتێک وەک سەرەتا و کۆتاییەکی گەردوونی دەردەکەوێت، هەموو ساتێك بازنەیەکی داخراوە، هەموو شتێك وەک ئامانج و ڕەسەن دەردەکەوێت.

مرۆڤی باڵا لای نیچە ئەو مرۆڤەیە ئاگادارییەکی تەواوی لەسەر چەمکی گەڕانەوەی ئەبەدی هەیە. لە زنجیرەی دارکدا، مرۆڤی باڵا بە کەسایەتیی ئادەم بەرجەستەکراوە. ئادەم گەیشتووە بە قۆناغی ئاگایی تەواو بە ڕووداوەکانی دەوروبەری و ڕێساکانی یاریی گەردوون، لەبەرئەوە ماریفەیەکی تەواوی بەوە هەیە کە ڕوویدا، لە ئێستا یان داهاتووشدا ڕوودەدات، بۆیە چۆک لەبەردەم هەقیقەتی بازنەیی زەمەن دادەدات و دەست لە گۆڕینی ڕووداوەکانی ڕابردوو و داهاتوو هەڵدەگرێت، چوونکە هەموو ئەوەی ڕوویداوە، هەردەم و بۆ هەمیشە و بەهەمان شێوە ڕوودەدات، ناچار تەنها دەبێت "تەنها ئەو چارەنووسەت خۆشبوێت کە هەتە". بەهەمان شێوە، گەڕانەوەی ئەبەدی پێشنیازی گۆڕینی ڕابردوو لە داهاتوو نادات بەدەستەوە، چونکە ئەمە مەحاڵە و شتی ڕێی تێناچێت، بەڵکو پێداچوونەوە بە هەموو ڕووداوەکانی ڕابردوو دەکات و وەک ڕووداوی ئەرێنی لێیان دەڕوانێت. لە ڕوانگەیەکی نیچەوییەوە پرسیارەکە ئەوە نییە چی بکەم، بەڵکو چۆن بیکەم، تاوەکو بتوانم بێکۆتا ئەنجامی بدەمەوە.

دەکرێت ئەمە وەک ئاشتبوونەوەیەک لەگەڵ زەمەن دابنرێت. بیرکردنەوە لە ڕەفتارەکان دەبێت بەمە: "بەم شێوەیە ویستوومە ئەم کارە ئەنجامبدەم، لە ئێستادا بەم شێوەیە و لە داهاتووشدا بەو شێوەیە دەمەوێت". بەڵام ئادەم لە زنجیرەکەدا، سەرەڕای چۆکدادانی لەبەردەم سەیرووڕەی شتەکان بەو شێوەیەی بوون و هەن و دەبن، هێشتا هەست بە جۆرێک لە ئازار و دەردیسەری دەکات لەو ڕێڕەوە بازنەییە، لەبەرئەوە لەپێناو ڕزگاربوون لەو هەستانەی سەرنجی لەسەر لەناوبردنی زەمەن چڕدەکاتەوە. ئادەم لە زنجیرەکەدا دەڵێت، "سەرلەبەری گەردوون هیچ نییە جگە لە گرێیەکی گەورەی باپیرە، هەمووی بەو گرێیەوە وابەستەیە و هەرگیز کەس ناتوانێت لێی هەڵبێت. کەس ناتوانێت لەم گرێیە ڕزگاری ببێت، مەگەر سەرلەبەری زەمەن لەناوببات. هەڵهاتن لە چارەنووسی حەتمیمان نییە. لەبەرئەوە جەنگ لەدژی زەمەن بەرپادەکەین. جیهانێک دروست دەکەین بەبێ زەمەن"!

"دارک تاوەکو ئێستا دوو وەرزی بڵاوکراوەتەوە، بڕیاریشە 27ی حوزەیران وەرزی سێیەم و ڕەنگە کۆتاییشی بڵاوبکرێتەوە".



‌ئێستا