×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: ئەوانەی بارەگاکەی پارتییان سوتاند گروپێکی لە یاسا دەرچوون

2020-10-17
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێم
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر سوتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغداد ڕایگەیاند، ئه‌مڕۆ گرووپێكى له‌ياساده‌رچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین، هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كيى ڕووخاندنى دكتاتۆرى بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌يە بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتيی کۆمەڵایەتی و سیاسييه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌".

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە".

لەبارەی کاردانەوەی لێدوانێکی هۆشیار زێباری نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە، "نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقى تازه‌دا تێکبدات، دەبێ هەموو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەکار بێنین بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت".

نێچیرڤان بارزانی داوای لە هەموو لایەک کردووە کە بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاساییيەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێ بکەن و تێكده‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌.

لەلایەکی دیکەوە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتیی کوردستان لەسەر هەمان پرس ڕایگەیاند، "هەواڵی پەلاماردانی بارەگای لقی ٥ـی پارتی لەلایەن تاقمێکی گێرەشێوێنمان پێ گەیشت، کە لە ئەنجامی ئەو کردەوە نایاساییەدا سووکایەتییان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئاڵای پارتی کردووە".

بارزانی وتوشیەتی، "بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو پەلامارە نامەردانەیە دەکەین و لێرەدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە پەلامار و دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک لە پێگەی کورد و بەها باڵاکانی گەلی کوردستان کەم ناکەنەوە، بەڵام بەڕوونی دواکەوتوویی و بێ فەرهەنگی و عەقڵیەتی ئەو تاقمە شەڕانگێزە بۆ هەموو لایەک دەردەخات".

مەسعود بارزانی لە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا وتویەتی، "ئەو چاوەڕوانییەمان لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە کە ئیجرائاتی پێویست لە بەرامبەر ئەو پەلاماردەرانە بگرێتە بەر، لە هەمان کاتدا جەختیش لەوە دەکەینەوە ئەوانەی بیانەوێ پەلاماری پارتی بدەن و سووکایەتی بە بەهاکانی گەلی کوردستان بکەن، دواجار باجی ئەو کارەیان دەدەن".




‌ئێستا