×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وەزیری ڕۆشنبیری لەبارەی ڕێکخستنەوەی ژمارەی سپاردنی کتێب ڕونکردنەوە دەدات

2020-10-11
کۆبوونەوەی وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێم لەگەڵ سەنتەری میترۆ
فۆتۆ: پەیجی وەزیری ڕۆشنبیری
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم لەبارەی کاردانەوەکانی بڕیارێکی وەزارەتەکەی ڕایگەیاند، ڕێکخستنەوەی ژمارەی سپاردنی کتێب سانسۆر نییە و بگرە ئێستا ئاسانکاری کراوە بۆ پێدانی ژمارەی سپاردن.

حەمەی حەمە سەعید، وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ 11 ی تشرینی یەکەم لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەنتەری میترۆ بۆ پارێزگاری لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، "من ٤٠ ساڵە خەبات بۆ ئازادی دەکەم، دڵنیام کارێک لە من نابینن کە پێچەوانەی هەوڵەکانی خۆم و حزبەکەم بێت".

وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێم لەسەر هەمانپرس ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێمە لیژنەكانی پێدانی ژمارەی سپاردنمان فراوانتركردووە و ئێستا بەرێوبەرێتی كتێبخانە گشتییەكان لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆكان دەتوانن ژمارەی سپاردن بدەن"

حەمەی حەمە سەعید لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەنتەری میترۆ چەند پرسێکی پەیوەست بە کاری ڕۆژنامەنووسی و مافەکانی دەزگا میدیاییەکان لە هەرێم تاوتووێکردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم بڕیارێکی بۆ ڕێکخستنەوەی ژمارەی سپاردن بە کتێب لە هەرێم دەرکرد و بڕیاریدا لەمەودوا لیژنەیەک لە بەڕێوبەرایەتییەکان ژمارەی سپاردن بدەنە کتێبی ئامادەکراو بۆ چاپ، ئەم بڕیارە لەلایەن بەشێک لە نوسەر و ڕۆشنبیرەکانی هەرێمەوە بە سانسۆر بۆسەر کتێب لێکدرایەوە.



‌ئێستا