تۆڕی میدیایی ئێستا

کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

(٩)ی ئایار.. هاندەرانی ئەڵمانیا وێنەکانیان لەناو یاریگایە و دژی خواستی خۆیان دەوەستنەوە

25/04/2020
فۆتۆ: daily mail
ئێستا سپۆرت

لەنێوان ململانێی هەرێمەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و دابەشبوونیان بۆ دوو جەمسەر، هاندەرانی تۆپی پێی ئەڵمانیا پێیان باش نییە لەم کاتە ناهەموارەدا خولی پلە یەکی وڵاتەکەیان دەستپێبکاتەوە.

جیاواز لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی خولی ئەڵمانیا لەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێ و ڕایەڵەی یانەکان و هیچ ڕێکخراوێکی وەرزشیی نەوەستاوە، بەڵکو کەوتووەتە دەست سیاسییەکان.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی هەرێمی باڤاریا و باکوری ڕاین ڤیستفالیا گڵۆپی سەوزیان بۆ یانەکانی هەرێمەکە داگیرساند لە نۆی ئایاری ٢٠٢٠ دەست بەچالاکییەکانی وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ بکەنەوە.
لەم بارەیەوە پێگەی سکای بۆندزلیگ بە هێڵێکی تەریب نوسیویەتی: بەڵــــــــێ.

بێگومان مەبەست لەخۆشحاڵی تۆڕە جیهانییەکە دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان و چنینەوەی ئەو ملیۆنان یورۆیەیە. کە لەحاڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی وەرزدا لەدەستدەدرێن.



وەک پێشتر لە ئێستا سپۆرتەوە ئاماژەمان پێکرد، هەندێک لە یانەکانی وەک بوروسیا مونشنگلادباخ و کولن و بایرن میونشن و بوروسیا دۆرتمۆند لەڕێگەی چەسپاندنی وێنەی هاندەرانیان لەسەر کارتۆنی تایبەت، پڕۆژەی "هاندەری شەبەح" جێبەجێدەکەن.

پڕۆژەکەش بریتییە لە ئامادەبوونی هاندەران بەوێنە لەناو یاریگادا، بەوپێیەی ڕێگە بەبەشداری ڕاستەقینەیان نادرێت و ئەگەر خولەکە دەستپێبکاتەوە یارییەکان بەپێی پڕۆتۆکۆلی بڕیار لەسەردراو داخراو دەبن.

لەبەرانبەر ڕەتکردنەوەی بۆچوونی سیاسییەکانی باڤاریا و ڕاین ڤێستیفالیا لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەکانی دیکەوە، هاندەرانی بۆندزلیگ پێیان وایە ئەوەی بەرپرسانی سیاسی وڵاتەکە هەوڵی بۆدەدەن لەپێناو کۆکردنەوەی پارەدایە و دوورە لە خۆپارێزی.



کۆمەڵەی "ئونزێری کیۆرڤ" کە پێکهاتووە لە دەستەی هاندەرانی بۆندزلیگ و ئەڵمان بەگشتی، لە ڕاگەیاندراوێکدا هۆشدارییان بە سیاسییەکان و ئەو هەرێمانەداوە کە دەیانەوێت چالاکییەکان دەستپێبکەنەوە.



لەڕاگەیەندراوەکەدا نوسراوە: تۆپی پێ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ماوەیەکی زۆر نەخۆشدەکەوێت، دەبێت ئەو ماوەیە بحەوێتەوە و یاریی نەکات، ئێمە نامانەوێت باس لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بکەین، دەمانەوێت دەستی تۆپپی پێی بگرین کە نەخۆشە و باشترین چارەسەری پێشکەشبکەین".

ماوەی دوو هەفتەیە یانەکانی ئەڵمانیا بەشێوەی گروپ دەستیان بە یەکەی مەشقوڕاهێنانە ئاساییەکان کردووەتەوە، لەکاتێکدا جیهان بەگشتی لەبەردەم قەیرانێکی دارایی ئێسکشکێندایە و لێکەوتەکانیشی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان لە وەرزی داهاتوو دەردەکەون.

هەندێک لە سیاسییەکانی ئەڵمانیا سەرەڕای بەهێزی پایەکانی "ئابوریی وەرزشیی ئەڵمانیا"، بەڵام هێشتا پێیان وایە دەبێت چالاکییە وەرزشییەکان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕوی قەیرانێکی درێژخایەن نەبن.