کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

فەرمی.. دۆرتمۆند بە هاندەرانەوە وەرزی نوێ دەستپێدەکات

16/09/2020
هاندەرانی دۆرتمۆند دەگەڕێنەوە ناو یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک
فۆتۆ: یورۆ سپۆرت
وەرزشی ئێستا

یانەی بوروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بەفەرمی ئاشکرایکرد، لە یەکەم گەڕی خولی ناوخۆی ئەڵمانیا بەرانبەر بوروسیا مونشنگلادباخ ڕێگە بە هاندەرانی دەدات لە یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک ئامادەبن.

بڕیارە شەممەی داهاتوو (19)ی ئەیلول یانەی بوروسیا دۆرتمۆند یەکەمین ڕوبەڕوبوونەوەی بۆندس لیگا لە یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک بەرانبەر بوروسیا مونشنگلادباخ ئەنجامبدات، لەم یارییەشدا بەشێوەیەکی تاقیکاری هاندەران دەگەڕێنەوە ناو یاریگاکان.

یانە ڤیستیڤالیەکەی ئەڵمانیا لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا هاتووە، " پێمانوایە لە ئێستادا یانەکەمان دەتوانێت پلان بۆ گەڕانەوەی 10 هەزار هاندەر دابڕێژێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری تەواومان کردووە و خۆشحاڵین بە بڕیاری گەڕانەوەی هاندەرانمان بۆ ناو یاریگا".

هانز یواکیم ڤاتسکە، بەرێوەبەری جێبەجێکاری دۆرتمۆند دەڵێت، " دەکرێت بەهۆی ئەم بڕیارەوە سەرۆکی یانە و فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێ خۆشحاڵبن، بێگومان ئێمەش لە دۆرتمۆند هەمان هەستمان هەیە، بۆیە دەمانەوێت سوپاسی هەر کەسێک بکەین کە لەم بڕیارەدا بەشداربووە، بە پابەندبوونی ئێمە و هاندەران دەتوانین وادەی تاقیکاری گەڕانەوەی هاندەران بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنین".



هەروەها دەڵێت، " گەڕانەوەی هاندەران بە شێوەیەکی دیاریکراو و مەرجدار هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەڕانەوەی تەواوی هاندەران بۆ ناو یاریگاکانی ئەڵمانیا".

لەبارەی گەڕانەوەی هاندەران بۆ ناو یاریگاکان، حکومەتی ئەڵمانیا لە ماوەی ڕابردوودا دانوستاندنی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە دەستپێکرد، لەسەر راسپاردەی شارەزایانی بواری تەندروستی بڕیاردراوە بە شێوەیەکی تاقیکاری بەشێک لە هاندەران بگەڕێنەوە بۆ ناو یاریگاکان، بەو مەرجەی ڕێژەیان لە لەسەدا (20)ی ڕێژەی ئاسایی زیاتر نەبێت.