تۆڕی میدیایی ئێستا

کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

کیکی سیتیێن: کات هەمووان دەخاتەوە پێگەی خۆیان و دۆڕاندن بە ئەتلەتی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات

29/06/2020
چاوپێکەوتن لەگەڵ کیکی سیتیێنی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە
فۆتۆ: بەرشلۆنە
وەرزشی ئێستا

ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە، کیکی سیتیێن بەر لە ئەنجامدانی ڕووبەڕوبونەوەی لوتکە بەرانبەر یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، پرێس کۆنفرانسێکی ئەنجامدا و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگی لەبارەی پێکهاتەکەیی و ئەو کێشانە دایەوە کە لەلایەن میدیاکانەوە ئاماژەیان بۆدەکرێت.

ئەمەش کورتەیەکە لە وەڵامەکانی:


ئەتلەتیکۆ مەدرید

" ڕاستە یاریکردن بەرانبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید قورسە، یەدەگی بەتوانایان هەیە و خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزن، لە جێبەجێکردنی ئەرکەکاندا هەماهەنگی دەکەن، ، یاریکردن بەرانبەریان قورسە، بەڵام من پێموایە هەموو یارییەکان وەک ئەم یارییە گرنگن، بردنەوە بۆ هەمووان بووەتە بابەتی یەکلاکەرەوە، کاتێک ماوەی یارییەکان کەمدەکرێنەوە ئەگەرەکانی بردنەوەش کەمدەبنەوە".


بەڕێوەبردنی یاریزانان

" هەموو کاتێک ڕاجیایی ڕوودەدات هەروەک چۆن لە ژیاندا ئەوە بوونی هەیە، هەرکەسێک شێوە بیرکردنەوەیەکی هەیە و ئاساییە لە بیروبۆچووندا جیاوازی هەبێت، منیش یاریزانێکی ئاسان نەبووم بۆ ڕاهێنەران هەر کەسێک بەشێوەیەک باوەڕی بە بیرۆکەکانی خۆیەتی، بەڵام ئەوەی گرنگە بیرکردنەوەی بەکۆمەڵە لە ئامانجەکان، ئەوەی بابەتی لاوەکییە گرنگی پێنادەم".


گرژییەکانی ژووری جلگۆڕین

" کاتێک بردنەوە بەدەستناهێنێت، شتانێک ڕوودەدەن، کاتێک گۆڵی یەکسانکردنەوە تۆماردەکرێت هەمووان یەک خاڵ بەدەستدەهێنن، ئەوە ئەو سێرکەیە کە ئێمە کاری تێدادەکەین، گرنگی بە بابەتە بە کۆمەڵەکان دەدەین، پەیوەندی لەگەڵ یاریزانان بابەتێکی گرنگە، هەندێکجاریش بۆچوونەکان جیاواز دەبن، بەڵام من کێشەیەکی تێدا نابینم".



هیچ شتێكی تایبەتی لەنێوان مێسی و سارابیای یاریدەدەرم ڕووینەداوە، ئەوەی بڵاوکرایەوە ئاماژەکردنێکی یاریدەدەرەکەمە بۆ بابەتە تاکتیکییەکان


کۆبوونەوە

" زۆرجار کۆبوونەوە دەکەین، دوێنێ لەبارەی بابەتە هونەرییەکانەوە کۆبوونەوەمان کرد و ئەوەآ پێویستییە بۆ باشترکردنی ئەنجامەکان، زۆرجار ڕوودەدات لەیاریکردن باڵادەستدەبین، بەڵام ئامانجەکان لەتۆمارکردنی گۆڵ وەک خۆی ناپێکین و تووشی دڵەڕاوكێ و بێزاری دەبین، هەموو ئەمانە بە بردنەوەیەکی گەورە کۆتاییاندێت".


پەیوەندییەکان

" هەریەکێک لە ئێمە لەبەر بەرژەوەندیی گشتی دەستبەرداری بەشێک لە خۆی دەبێت، ناکرێت حەزت بەهەرچییەک بێت ئەنجامیبدەیت، ناتوانرێت باڵێکی هێرشبەری ناچاربکرێت گواستنەوە بۆ ناوەندی تیمەکەی نەکات، ئەوە کاری تیمە و یاریزانان دەزانن ئەوە کارە دروستەکەیە، ڕەنگە ناچاربین لەپێناو یانەکەماندا دەستبەرداری بابەتە تایبەتییەکانبین، لەڕاستیشدا ئەوە بابەتێکی نوێیە، شتانێکی زۆرم لەسەر ئەو بابەتە بە ئەزمونەوە ئاشکراکردووە و لەگەڵمدا ڕوویانداوە، لە یانەکانی لاس پاڵماس و ئیشبیلیەش هەمان ئەو بابەتانە ڕوویاندا، ئەوەی ڕوودەدات پڕۆسەیەکە و بە تێپەڕبوونی کات هەمووان دەگەڕێنەوە پێگەی ئاسایی خۆیان".


ئارسەر

" نازانم دایکی چی وتووە، هەمان ئەوەی پێدەڵێمەوە کە پێموتووە، هیچ گومانێکم لە پابەندبوونی نییە و تا کۆتا ساتەکان لەگەڵ ئێمە ڕێزی لێدەگیرێت و ئەویش بەوپەڕی تواناوە ئامادەیە، پێویستە خۆی بۆ پێکانی ئامانجەکان تەرخان بکات، وەک وتم گومانم لەوە نییە، منیش لەکۆتاییدا بڕیاردەدەم یاریی بکات یان نا".


لاوازبوون

" هەرگیز هەست ناکەم لاوازبووبێتم، هەمان ئەو ئەقڵیەت و بیرکردنەوەیەم هەیە کە پەیوەندیم بە یانەکەوە کرد، هەموو هەوڵێک دەدەم لەپێناو باشترکردنی شێوە یاریکردنی یانە و بەجێبەجێکردنی ئەو ئەرکە دڵخۆش و ئارام دەبم، ئەنجامەکان گرنگن و دڵنیام دەگەڕێینەوە سەر ڕێڕەوی دروست، دەزانم تۆپی پێ چۆن بەڕێدەکات، بردنەوەکان هەموو ئاڵۆزییەک دەشارێتەوە لەهەر شوێنێک بێت، ئەگەر براوەبیت تاموچێژ وەردەگریت و بەپێچەوانەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت".



هەندێجار حەوانەوەکان بەباشی بەڕێدەکەن و هەندێجار بەوشێوەیە نییە، کاتێک پلانەکان بەباشی بەڕێدەکەن سوودێکی ئەوتۆی نییە


ڕیاڵ مەدرید

" دەتوانین کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەین کە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، پێویستە ئاستمان باشتر بکەین بۆ ئەوەی هەمان هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکەینەوە، هیوادارم ڕکابەر ئاسانکاریمان بۆ بکات، بەڵام ئێمە پێویستە تا کۆتا ساتەکان کۆڵنەدەین و بیرمان لای نازناوەکە بێت".


گریزمان

" لەبارەی پلان و پێکهاتەکانەوە ڕاستی ئەوەیە تەنها دەتوانم (١١) یاریزان بەشداری پێبکەم، ئێوە لەبارەی ئانسو فاتی و ڕیکی پۆیگەوە پرسیارتان دەکرد بۆچی یارییان پێناکرێت، بەلام (١١) یاریزان ڕێگەپێدراوە و منیش ئەوانە بەشداری پێدەکەم کە لەمەشقوڕاهێنانەکان ئامادەترینن، پلانەکانمان لەسەر ئاستی یاریی و یانەی ڕکابەر وەستاوە، هەمووان بەنسبەت منەوە گرنگییان هەیە، لەوەش تێدەگەم هەندێک لەیاریزانان شایەنی ئاڵوگۆڕنین، بەنسبەت منەوە هەمووان شایەنی یاریکردن و یارینەکردنن".


حەوانەوە کورتەکان

هەندێجار حەوانەوەکان بەباشی بەڕێدەکەن و هەندێجار بەوشێوەیە نییە، کاتێک پلانەکان بەباشی بەڕێدەکەن سوودێکی ئەوتۆی نییە، پێویستت بە ڕاستکردنەوەی هەڵەکان نییە و تەنها زانیاری بە یاریزانان دەدەیت، ئەم حەوانەوەیە ڕێگەی کەمێک گۆڕانکاری و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانمان پێدەدات، بەتایبەت ئەو کاتەی هەست دەکەیت کێشەیەک بوونی هەیە".


مێسی و سارابیا

" هیچ شتێكی تایبەتی لەنێوان مێسی و سارابیای یاریدەدەرم ڕووینەداوە، ئەوەی بڵاوکرایەوە ئاماژەکردنێکی یاریدەدەرەکەمە بۆ بابەتە تاکتیکییەکان و هیچ کێشەیەکی تێدانابینم، نازانم دەتانەوێت لەبارەی چییەوە کۆمێنت بدەم".


لالیگا

لەڕووی وەرزشییەوە، ئەگەر بردنەوە بەدەستنەهێنین ئەوانیش بردنەوە بەدەستنەهێنن، چانسی هەردوولامان لاواز دەبێت، بۆیە پێویستە هەوڵی بردنەوەی هەموو یارییەکان بدەین و ئەوەی دواتر ڕوودەدات با ڕووبدات".