کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

(ڤیدیۆ) ڕیاڵ مەدرید لە بچووکی بەرشلۆنەی بردەوە و گەورەی شارەکەشی خستە دوای خۆی

29/06/2020
ڕیاڵ مەدرید بە بردنەوەی لە ئیسپانیۆل، بەجیاوازی دوو خاڵ پێش بەرشلۆنە کەوت
فۆتۆ: ئەی ئێس
وەرزشی ئێستا

ئەمشەو، یەک شەممە خولی پلە یەکی ئیسپانیا "لالیگا" بەردەوامی هەبوو و یانەی ڕیاڵ مەدرید لە یاریگای کۆرنێلا ئیل پرات بردنەوەی بەرانبەر ئیسپانیۆل تۆمارکرد.

لەسەرەتاکانی تایمی یەکەمەوە ڕیاڵ مەدرید گوشاریی لەسەر یانەی خانەخوێ دروستکرد، بنزیما و هاوەڵانی چەندین هەلی مەترسیداریان بۆسەر گۆڵی دیێگۆ لۆپێزی گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل دروستکرد.

لەبەرانبەردا ڕائول دی تۆماس و هاوەڵانی بە هێرشی هەڵگەڕاوەی ڕێکخراو وەڵامی گوشارەکانی ڕیاڵیاندەدایەوە.

لەنێوان هێرش و پەرچە کرداری هێرشبەرانی هەردوو یانە کەریم بنزیما تۆپێکی نمونەیی بۆ کاسیمێرۆی بەرازیلی ڕەخساند و گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، ئەو تایمەش بە ئەنجامی گۆلێکی بێوەڵام لەبەرژەوەندی ڕیاڵ کۆتاییهات.

لەتایمی دووەمدا ئەستێرەکانی زێدان هەمان سینارۆکانی تایمی یەکەمیان دووبارەکردەوە و چڕییان لەنیوە یاریگای ڕکابەردا دروستکرد و کۆنتڕۆڵی بارەکانی درێژی و پانی یاریگایان کرد.

فرانچیسکۆ ڕوفێتی ڕاهێنەری نوێی ئیسپانیۆل لە ڕێگەی پێنج ئاڵوگۆڕ و بەگەڕخستنی لاوانەوە توانی لە تایمی دووەمدا بە شێوازی بەرگری و هێرشی هەڵگەڕاوە ڕووبەڕوی تاکتیکەکانی زێدان ببێتەوە، بەڵام لە ڕەخساندنی هەلەکانی گۆڵکردندا لاوازبوون و چەند جارێک توانییان بەگۆڵەکەی تیبۆ کۆرتوا بگەن.


سەرەڕای هەڵکشانی ئاستی یاریزانان و خێرابوونی ڕیتمی ڕووبەڕوبونەوەکە، بەڵام هیچکام لە هێرشبەرانی ڕیاڵ و ئیسپانیۆل سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمارکردنی گۆڵ و کلاسیکۆی بچوک بە ئەنجامی ( ١ – ٠) لەبەرژەوەندی میوانە مەدریدییەکان کۆتاییهات.

بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکەی ئەمشەو، ڕیاڵ مەدرید ژمارەی خاڵەکانی بۆ (٧١) بەرزکردەوە و بەجیاوازی دوو خاڵەوە یانەی بەرشلۆنەیان لە لوتکەی ڕیزبەندی لالیگا تێپەڕاند.