کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

فاتی و پەیامێکی دیکە.. ئەو بەهرەیەی ڕاهێنەری بارسا نایبینێت باشترە لە بۆندی گرانبەها

17/06/2020
فۆتۆ: ئەسۆشیەیتد پرێس
ئێستا سپۆرت

ئەستێرەی هەڵکشاوی یانەی بەرشلۆنە، ئانسو فاتی دووبارە دەیسەلمێنێت کە یەکێکە لە باشترین هێرشبەرانی یانەی بەرشلۆنە، بەڵام لەلایەن ستافی هونەرییەوە چانسی تەواوی پێنادرێت.

شەوی ڕابردوو ڕەش ئەسمەرەکەی بارسا بە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم لە خولەکی (٤٢) یانەی بەرشلۆنەی بەرەو بردنەوە برد.

لەم وەرزەدا فاتی بەشداری (٢٥) یاریی کردووە و شەش گۆڵی تۆمارکردووە، پێنج لە خولی پلە یەکی ئیسپانیا "لالیگا" و دوو گۆڵ لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا "چامپیۆنزلیگ".

کۆی گشتی بەشداریکردنی لە (٢٥) یارییدا تەنها (١٠٦٦) خولەک بووە، کە ئەوەش بەنسبەت یاریزانێکەوە ئاستی ڕووەو هەڵکشانە هێشتا کەمە و پێویستە برەوی زیاتری پێبدرێت.

ڕۆژنامەی مارکا لەم بارەیەوە ئاشکرای کردووە، لەکاتێکدا یانەی بەرشلۆنە بەردەوامە لە گەڕان بەدوای هێرشبەری ناوازە و گرانبەها، فاتی لەهەر چانسێکدا دەیسەلمێنێت شایستەی چانسی زیاترە.

مارکا نوسیویەتی: هێشتا پێکهاتەی کیکی سیتیێن دەناڵێنێت و لەڕووەکانی هونەری و جەستەییەوە نەگەیشتووە بە ترۆپکی تواناکانی، ڕەنگە ڕاهێنەرە نوێیەکە پێویستی بە برەودانی زیاتر بێت بە ئانسو فاتی.


بەشداریکردنی یاریزانە لاوە ئیسپانییەکە لەسەرەتاکانی ٢٠٢٠وە لەبری ئەوەی زیادبکات کەمی کردووە.

لەبەرانبەردا ئیدارەی یانە کەتەلۆنییەکە سەرنجیان خستووەتەسەر بۆندی گرانبەها لەنمونەی لاوتارۆ مارتینێز و تیمۆ ڤێرنەر کە نازانرێت بۆ خولی ئیسپانیا گونجاون یان نا، لەلایەکی دیکەشەوە لاوەکەی بارسا یاریی لەدوای یاریی پەیام ئاڕاستەی سیتیێن دەکات و دەیسەلمێنێت کە لەپاڵ هێرشبەرانی دیکەی یانەکەدا شایستەی چانسی زیاترە.

ڕۆژنامە ئیسپانییەکە بەڕەخنەوە ئاماژە بە ئاڵوگۆڕی فاتی دەکات لەڕووبەڕوبونەوەی لیگانێس و دووپاتیدەکاتەوە، بڕیاری بەردەوامیدان بە گریزمان کە هیچ سودێکی نەبووە و ئاڵوگۆڕی فاتی بە لویس سوارێز کوشتنی بەهرەدارانە و هەرگیز بڕیارێکی دادپەروەرانە نەبووە.

ئاماژەکردن بە ئاستی فاتی و ڕەخنەگرتن تەنها لەڕێگەی مارکاوە نەبووە، بەڵکو ڕۆژنامەکانی موندۆ دیپۆرتیڤۆ و ئاس و سپۆرتیش بەهەمان شێوە هێرشبەرە لاوەکەیان بە ستەملێکراو وەسفکردووە.