کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پریمەرلیگ تۆتنهام ڕووبەڕوی چوار ئاڵنگاری دەبێتەوە

17/06/2020
مۆرینیۆ لەگەڵ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی پریمەرلیگ ڕووبەڕوی چوار ئاڵنگاری دەبێتەوە
فۆتۆ: گێتی
ئێستا سپۆرت

یانەی تۆتنهام هۆتسپێرزی ئینگلیزی هەینی داهاتوو لەچوارچێوەی یارییەکانی گەڕی (٣٠) بەڕووبەڕوبونەوەی مانچستەر یونایتد دەست بە چالاکییەکانی وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ دەکاتەوە.

کەڵەشێرە ڕوومییەکانی لەندەن لەڕووبەڕوبونەوەی شەیتانە سورەکاندا هەوڵی بردنەوە دەدەن، لەپێناو کەمکردنەوەی مەودای نێوانیان لەگەڵ خودی یونایتد و چێڵسی چوارەمی ڕیزبەندی.

مۆرینیۆ هەوڵدەدات لە کۆتا هەفتەکانی پریمەرلیگ ڕێژەی خاڵەکانی بەرزتر بکاتەوە و کورسییەکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا مسۆگەربکات، بۆ گەیشتنیش بەم ئامانجە ڕووبەڕوی چوار ئاڵنگاری دەبێتەوە.

1. گەڕاندنەوەی متمانە: پێویستە مۆرینیۆ متمانە بۆ یاریزانانی بگەڕێنێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لەپێش قەیرانی کۆرۆنا لەکۆی پێنج ڕووبەڕوبونەوە چوار دۆڕاندن و یەکسانبوونێکیان تۆمارکرد، بەهۆی دۆڕاندنیشیان بە یانەی نۆرویچ سیتی لەقۆناغی پێنج ماڵئاواییان لە جامی یەکێتی یانە ئینگلیزییەکان کرد، هەروەها لە خولی یانە پاڵەوانەکانیش بەرانبەر لایپزیگ شکستیانهێنا و ماڵئاواییان لە خولە ئەوروپییەکان کرد.

تۆتنهام لە چوار ڕووبەڕوبونەوەی لەسەریەکی دوای کۆرۆنا ڕووبەڕوی یانەکانی یونایتد و وێستهام و شیفێڵد و ئێڤەرتۆن دەبێتەوە و گرنگە لەو یارییانەدا بردنەوە بەدەستبهێنن.


2. دوورخستنەوەی یاریزانان لە میرکاتۆ: چەندین یاریزانی وەک هاری کەین و یان ڤێرتۆنگن و ندۆمبێلی و سێرج ئوریێ لەلایەن یانەکانی دیکەوە داواکراون و پێویستە مۆرینیۆ لە بازاڕی گواستنەوەکان دووریانبخاتەوە، چونکە ئەم هەوڵەی یانەکانی دیکە سەرنجی یاریزانانی سپێرز لەسەر ڕووبەڕوبونەوەکان کەمدەکاتەوە.

پێویستە مۆرینیۆ یاریزانانی لە یانە تەماعکارەکان دووربخاتەوە تا کۆتاییهاتنی چالاکییەکانی سەردەمی کۆرۆنا.


3. باشترکردنی ئامانجەکان لەدەرەوەی یاریگا: تۆتنهام لەم وەرزەدا لەکۆی (١٥) یاریی لەدەرەوەی یاریگای خۆی لەکۆی (٤٥) خاڵ تەنها (١٥) خاڵی کۆکردووەتەوە، لەناو یاریگای خۆشیاندا (٢٦) خاڵیان لە (١٤) یاریی کۆکردووەتەوە، ئەوەش دەیسەلمێنێت مۆرینیۆ پێویستی بە برەودانە بە ئاستی پێکهاتەکەی لە یاریگای خۆیدا.

بۆ بەدەستهێنانی بلیتی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، مۆرینیۆ پێویستی بە باشترکردنی ئەنجامەکانی دەبێت لەدەرەوەی یاریگای خۆی بەرانبەر یانەکانی شیفێڵد یونایتد، بۆرنمۆس، نیوکاسڵ، کریستاڵ پاڵاس.


4. چارەسەرکردنی کەلێنە بەرگرییەکان: تۆتنهام لەناو (١٠) یانەی لوتکەی پریمەرلیگ لاوازترینە بە هاوبەشی لەگەڵ بێرنڵی، تائێستا لە (٢٩) یارییدا (٤٠) گۆڵیان لەسەر تۆمارکراوە بەنێوەندی ڕێژەی (١.٣) گۆڵ لەهەر یارییەکدا.

مۆرینیۆ پێویستی بە چارەسەرکردنی کەلێنە بەرگرییەکانە بۆ تۆمارکردنی ئەنجامی باشتر، کە ئەوەش دەبێتە یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی لەم مانگەدا ڕووبەڕوی دەبنەوە.