کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئینتەر بۆ یانە داواکارەکان: تەنها بە یەک ڕێگە لاوتارۆ مارتینێز دەفرۆشین

28/05/2020
بەڕێوەبەری وەرزشیی ئینتەر دووپاتیدەکاتەوە، تەنها بە نرخی شکاندنی بۆند لاوتارۆ دەفرۆشن
فۆتۆ: Sempreinter
ئێستا سپۆرت

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی ویستی لەسەر فرۆشتنی هیچ یەکێک لە یاریزانە کاریگەریەکانی نییە، لەبارەی لاوتارۆ مارتینێزیشەوە پەیامێک ئاڕاستەی بەرشلۆنە و یانەکانی دیکە دەکەن.

ڕۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی لەزاری سکای سپۆرتەوە نوێترین لێدوانی پیێرۆ ئاوزیلیۆ بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ئینتەرمیلان بڵاودەکاتەوە، تیایدا فرۆشتنی لاوتارۆ مارتینێز بە یانەی بەرشلۆنە، یان هەر یانەیەکی دیکە ڕەتدەکاتەوە.

ئاوزیلیۆ بە سکای سپۆرتی ڕاگەیاندووە، " سەرنجمان خستووەتەسەر لاوتارۆ، یەکێکە لە گەوهەرەکانی یانەکەمان، با لەبیری نەکەین ئەم یاریزانە بۆندی بۆ ماوەی سێ وەرز لەگەڵماندا هەیە، ئینتەرمیلانیش باشترین یاریزانەکانی نافرۆشێت، بەڵکو پارێزگارییان لێدەکات و لە بازاڕی گواستنەوەکان دووریاندەخاتەوە بەوشێوەیە پێگەیان توندوتۆڵ دەکرێتەوە، ئەم ڕێسایەش بەسەر لاوتارۆ جێبەجێدەبێت".

بەڕێوەبەرەکە پەیامەکەی ڕوونتر دەکاتە و دەڵێت، " ئێمە نامانەوێت هێرشبەرەکەمان بفرۆشین، تاکە ڕێگە بۆ فرۆشتنی بریتییە شکاندنی نرخی بۆندەکەی (١١١ ملیۆن یورۆ)، هەموو ئەگەرەکان لەئێستادا بۆ کڕینی یاریزانێکی یانەی ئینتەرمیلان تەنها و تەنها پێشکەشکردنی نرخی شکاندنی بۆندەکەیەتی".



لاگازێتا لەم بارەیەوە نوسیویەتی، یەکەمینجارە ئیدارەی مارە شینەکانی میلانۆ بەو شێوە ئاشکرایە وەڵامی هەوڵەکانی یانەی بەرشلۆنە و یانە داواکارەکانی دەیکەی لاوتارۆ دەدەنەوە.

بۆچی ئینتەر بەوشێوەیە وەڵامدەداتەوە؟

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست لاگازێتا کەوتوون، وەڵامی ئینتەرمیلان لەم کاتەدا پەیوەندیدارە بە دانوستاندنەکان بۆ گواستنەوەی ماورۆ ئیکاردی بۆ یانەی پاریس سانت جێرمان.
سەرۆکایەتی یانە ئیتاڵییەکە بە پێداگریکردن لە گواستنەوەی لاوتارۆ و هەر یاریزانێکی دیکە، دەیانەوێت یانە زەبەلاحەکەی پاریس ناچاربکەن بڕی (٦٠) ملیۆن یورۆ بەرانبەر ئیکاردی پیشکەش بکات، بڕیاریشە بڕێک لەو گوژمەیە لە گواستنەوەی ماتیۆس کونهای بەرازیلی ئەستێرەی یانەی هێرتا بەرلین بەکاربخەن.