کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

(ڤیدیۆ) دێربی میلان به‌ بردنه‌وه‌ی زڵاتان و هاوڕێیانی کۆتاییهات

17/10/2020
دێربی میلان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ی سی میلان کۆتاییهات
فۆتۆ: ئی ئێس پی ئێن
وەرزشی ئێستا

ئه‌مشه‌و، شه‌ممه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌کانی هه‌فته‌ی چواره‌می خولی پله‌ یه‌کی ئیتاڵیا، یاری لوتکه‌ له ‌نێوان یانه‌کانی ئه‌ی سی میلان و ئینته‌رمیلان ئه‌نجامدرا و سورپۆشه‌کانی بردنه‌وه‌یان تۆمارکرد.

له‌ تایمی یه‌که‌مدا و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی دێربی میلان، ستیفانۆ پیۆلی ڕاهێنه‌ری ڕۆسۆنێری له‌ هه‌ردوو ڕووی هونه‌ری و تاکتیکییه‌وه‌ باڵاده‌ستی نیشاندا و کۆنتڕۆڵی ناوه‌ندی یاریگایان کرد.

گووشاری به‌رده‌وامی میلان دوو گۆڵی له‌ خوله‌که‌کانی 13 و 16 لێکه‌وته‌وه‌، هه‌ردوو گۆڵه‌که‌ش به‌پێیه‌کانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی هێرشبه‌ری سویدی تۆمارکران.

له‌ خوله‌کی 29 ڕۆمێلو لوکاکۆ گۆڵێکی بۆ نێراتزۆری تۆمارکرد و ئه‌نجامه‌که‌ی نزیککرده‌وه‌، ئه‌م گۆڵه‌ش گڕوتینی ئینته‌ریستای بۆ تۆمارکردنی گۆڵی یه‌کسانکردنه‌وه‌‌ زیادکرد، به‌ڵام ئه‌و تایمه‌ (2-1) له‌ به‌رژه‌وه‌ندی زڵاتان و هاوڕێیانی کۆتاییهات.


له‌ تایمی دووه‌مدا ئه‌نتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنه‌ری نێراتزۆری سیناریۆکانی پێچه‌وانه‌کرده‌وه‌ و توانی هاوسه‌نگی به‌ده‌ستبهینێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ڕه‌خساندنی چه‌ندین هه‌لی مه‌ترسیدار، به‌ڵام هیچکام له‌ هێرشبه‌رانی دوو جه‌مسه‌ری دێربی سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون له‌ تۆمارکردنی گۆڵی دیکه‌ و یارییه‌که‌ به‌ ئه‌نجامی تایمی یه‌که‌م کۆتاییهات.

به‌پێی ئه‌نجامه‌ تۆمارکراوه‌که‌ی ئه‌مشه‌و، میلان ژماره‌ی خاڵه‌کانی بۆ 12 خاڵ له ‌لوتکه‌ی ڕیزبه‌ندی یانه‌کانی کالچیۆ به‌رزکرده‌وه‌، ئینته‌رمیلانی ڕکابه‌ریشی به‌ حه‌وت خاڵه‌وه‌ له‌ پله‌ی شه‌شه‌مدا جێگیربوو.