کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

زوبیزاریتا نهێنی مێسی لە بەرشلۆنە ئاشکرادەکات: تاتا مارتینۆ لێی دەترسا

21/09/2020
بەڕێوبەری پێشووی بەرشلۆنەی نهێنییەک لەبارەی پەیوەندی نێوان مێسی و تاتا مارتینۆ ئاشکرادەکات
فۆتۆ: وەرزشی ئێستا
وەرزشی ئێستا

بەڕێوبەرێکی پێشوو یانەی بەرشلۆنە نهێنی باڵادەستی لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندووی ئەرجەنتینی لە یانە کەتەلۆنییەکە ئاشکرادەکات و دەڵێت: تاتا مارتینۆ لێی دەترسا.

لە پڕۆگرامێکی تایبەتی تۆڕی "ئیل پایس"ی ئیسپانی، ڤیسێنتی دێل بۆسکی ڕاهێنەری پێشووی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا وەک پێشکەشکارێک چاوپێکەوتن لەگەڵ ئاندۆنی زوبیزاریتای گۆڵپارێزی ئەفسانەیی لارۆخا و یانەی بەرشلۆنە ئەنجام دەدات.

زوبیزاریتا لەبارەی یاریزانە خاوەن پێگەکانی یانەی بەرشلۆنەوە دەڵێت، " هەندێک لە یاریزانان لەوە زیاترن کە تەنها یاریزانێکی ناوازەبن، لیۆ مێسی یەکێکە لەوانە، پێویستە پێوانەی لەدەستدانەکان و نەمانی حەماسەتی سەرکەوتن پێوەربکرێت بە لەدەستدانی ئەم یاریزانە، یاخود ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ئەو لاوانەی دەیانەوێت چاوی لێبکەن".

لە ڕوونکردنەوەکانیدا زوبیزاریتا دەڵێت، " مێسی کوڕی دەرەوە نییە، یاریزانێکی سەرڕاست و بە ڕەوشتە، هاوڕێیەکی باشە بۆ یاریزانانی دیکە، لە یانە هەڵسوکەوتی ڕێک و جوانە، لەبەرئەوەیە بووەتە خۆشەویستی کەتەلۆنیا و جیهان، کێشەی گەورەی ئەوەیە تەنها لەگەڵ خۆیدا کێبڕکێ دەکات".



 بەڕێوبەرەکەی پێشووی ئازولگرانا باس لە چیرۆکێکی نەبیستراوی نێوان تاتا مارتینۆی ڕاهێنەری پێشووی یانە و لیۆ مێسی دەکات و دووپاتیدەکاتەوە، تەنانەت ڕاهێنەرانیش لە ئەفسانە زیندووەکە دەترسن.

زوبیزاریتا دەڵێت، " کاتێک تاتا ڕاهێنەری بارسا بوو، بە لیۆ مێسی دەوت: دەزانم ئێستا ئەگەر پەیوەندی بە سەرۆکی یانەوە بکەیت ڕاستەوخۆ تێمهەڵدەدەن دەمکەنە دەرەوەی یانە، بەڵام نەفرەتی، پێویست ناکات هەموو ڕۆژێک ئەم ڕاستییەم بیربخەیتەوە".

زوبیزاریتا لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2015 بەڕێوبەری وەرزشیی یانەی بەرشلۆنە بووە، لەو ماوەیەدا پیپ گواردیۆلا و تیتۆ ڤیلانۆڤا و تاتا مارتینۆ پۆستی ڕاهێنەری یانە کەتەلۆنییەکەیان بەدەستهێناوە.