کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

کومان دەیەوێت پوج ڕەوانەی ئەیاکس بکات و یاریزانەکە بووەتە سەرئێشەیەکی دیکە

21/09/2020
ڕیکی پوج نایەوێت یانەی بەرشلۆنە بەجێبهێڵێت
فۆتۆ: تویتەر
وەرزشی ئێستا

یاریزانی لاوی یانەی بەرشلۆنە، ڕیکی پوج بە هەموو شێوەیەک ڕەتیدەکاتەوە یانەی بەرشلۆنە ڕووەو یانەیەکی دیکە بەجێبهێڵێت.

ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ زانیاری نوێی لەبارەی کەیسی گواستنەوەکانی یانەی بەرشلۆنە بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەری بارسا ڕیکی پوجی ئەستێرەی لاوی پێکهاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە، لە گواستنەوەکانی هاوینی 2020 باشترە بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون ڕوو لە یانەی ئەیاکس ئەمستەردام بکات.

سەرەڕای ئەوەی یانە هۆڵەندییەکە تاوەکو ئێستا بۆندی فەرمی پێشکشنەکردووە، بەڵام کومان و هاوڕێکانی پێیان وایە دەتوانن ببنە ئەڵقەی بەستنەوەی جەمسەرەکان بەیەکەوە.

لە بەرانبەردا ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، کە ئەستێرە هەڵکشاوەکەی ئازولگرانا هەرگیز بە بڕیاری ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکەی قایل نەبووە.



پوج نایەوێت لە بەرشلۆنەوە ڕوو لە هیچ یانەیەکی دیکە بکات، بەڵکو دووپاتیکردووەتەوە بەردەوامدەبێت و کێبڕکێی بەدەستهێنانی پێگەیەکی سەرەکی دەکات.

هەڵوێستی پوج بۆ ئیدارەی بەرشلۆنە هاوشێوەی کێشەکانی سوارێز و ئارتورۆ ڤیدالە، بەوپێیەی ناوبراو لە هاوینی 2018 بۆ ماوەی سێ وەرز بۆندی واژووکردووە، لە ئەگەری نوێنەکردنەوەی بۆندەکەی، یاخود تێکچوونی پەیوەندییەکاندا بە ئەگەرێکی زۆرەوە هاوینی 2021 بێبەرانبەر دەتوانێت پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات.