کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

تیاگۆ لە یەکەم یاری پریمەرلیگ ڕیکۆردی تۆمارکرد

21/09/2020
تیاگۆ لە یەکەم یاری پریمەرلیگ زیاتر لە یاریزانانی چێڵسی گواستنەوەی بە تۆپ کردووە
فۆتۆ: سکای سپۆرتس
وەرزشی ئێستا

تیاگۆ ئالکانتارا، ئەستێرەی ئیسپانی یانەی لیڤەرپوڵ لە یەکەم ڕوبەروبوونەوەی خولی نایابی ئینگلیزی ڕیکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد.

تیاگۆ لە گواستنەوەکانی هاوینەی 2020 لەسەر ڕاسپاردەی یۆرگن کلۆپ بەبڕی (30) ملیۆن یورۆ لە یانەی بایرن میونشنەوە پەیوەندی بە لیڤەرپوڵەوە کرد، شارەزایان پێیان وایە کلۆپ دەیەوێت ئەرکێکی نوێ بە ناوەندکارەکە ببەخشێت و هاوشانی چەندین یاریزانی کوالیتی بەرز سیستمی پۆزیشنی ڕێدز بەهێزتر بکات.

ئەوەی کلۆپ دەیەوێت ڕوودەدات..

لە ڕوبەڕوبوونەوەی لوتکەی هەفتەی دووی پریمەرلیگ، لیڤەرپوڵ لە ستامفۆرد بریج بەرانبەر چێڵسی یاریکرد، لە تایمی دووەمدا ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە بۆ ماوەی (45) خولەک بەشداری بە مایسترۆ ئیسپانیەکە کرد، لەو ماوەیەشدا ڕیکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد.


بەپێی داتاکانی ئۆپتا، ئالکانتارا لە ماوەی (45) خولەکی یاریکردنیدا توانیویەتی (75) گواستنەوەی دروست ئەنجامبدات، کە ئەوەش زیاترە لە ڕێژەی گواستنەوەکانی هەر یاریزانێکی چێڵسی لە ماوەی (90) خولەکی ڕوبەڕوبوونەوەی شەوی ڕابردوو.

لە وەرزی 2003/2004وە ماڵپەڕی ئۆپتا داتا و ئامارەکانی پریمەرلیگ کۆدەکاتەوە، تاوەکو شەوی ڕابردوو هیچ ڕیکۆردێک لە ماوەی (45) خولەکدا بەو ڕێژە بەرزەی تیاگۆی تەمەن (29) ساڵ تۆمارنەکراوە، کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا گوزارشت لە بەرزی کوالیتی یاریزانە ئیسپانییەکە دەکات.