کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

پێرلۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی بۆندی یاریزانێکی دیکەی کردووە

16/09/2020
پێرلۆ پێویستی بە خزێرە نییە و یاریزانەکە دەیەوێت وەرزێکی دیکەش لە یوڤی بەردەوامبێت
فۆتۆ: دەیلی مەیڵ
وەرزشی ئێستا

یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی لە هەوڵدایە بۆندی سامی خزێرەی ئەستێرەی ئەڵمانی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام یاریزانەکە ئامادەنییە لەو بارەیەوە ڕێککەوتن بکات.

تۆڕی سکای سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا نوێنەرانی بیانکۆنێری لەسەر ڕاسپاردەی ئەندریا پێرلۆی ڕاهێنەر لەگەڵ لێپرسراوی کارەکانی سامی خزێرە لە گفتوگۆیەکی چڕوپڕدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بۆندی نێوانیان.

خزێرە لەدوای پێکانێکی درێژخایەن، گەڕایەوە سەر یەکەی مەشقوڕاهێنانەکان، بەڵام پێرلۆ پێشوەخت ئاماژەیکردووە، کە هاوشێوەی گۆنزالۆ هیگواین پێویستی بە توانا هونەرییەکانی نییە.

جیانلوکا دی مارزیۆ شارەزای گواستنەوەکان بە تۆڕی سکای سپۆرتی ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا بەڕێوەبەرانی یوڤی لە گفتوگۆدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سامی خزێرە بە ڕەزامەندی هەردوو جەمسەر، بەڵام یاریزانەکە خواستی لەسەر ئەوەیە بۆ وەرزێکی دیکە، واتا تاوەکو هاوینی 2021 لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە بەردەوامبێت و دواتر پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات.



خزێرە لە هاوینی 2015 بەبۆندێکی بێبەرانبەر لە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە پەیوەندی بە لاڤیکیا سنیۆراوە کرد، لەماوەی پێنج وەرزدا (145) یاری ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی پێکانە بەردەوامەکانەوە نەیتوانیوە لە پێکهاتەی سەرەکیدا جێگەی خۆی بکاتەوە.