کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

بەیل بە بۆندەکەی مانچستەر یونایتد قایلبووە

15/09/2020
بەیل خوازیارە پەیوەندی بە مانچستەر یونایتدەوە بکات
فۆتۆ: دەیلی مەیڵ
وەرزشی ئێستا

گواستنەوەی گاریس بەیلی وێڵزی یاریزانی یانەی ڕیاڵ مەدرید بۆ یانەی مانچستەر یونایتد ئەگەرێکی بەهێزە و یاریزانەکە ڕەزامەندی بەرانبەر ئۆفەرە پێشکەشکراوەکان دەربڕیوە.

یانەی ڕیاڵ مەدرید لەسەر ڕاسپاردەی زینەدین زێدان بڕیاریانداوە گاریس بەیل لە پێکهاتەی سەرەکی دووربخەنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش دەرگای گفتوگۆکردنیان بەڕووی یانە داواکارەکانیدا کردووەتەوە، مانچستەر یونایتد تاوەکو ئێستا یەکەمین یانەیە بە شێوەیەکی نافەرمی بۆندی بۆ کڕینی یاریزانەکە پێشکەشکردووە.

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاماژەی بە زانیارییەکانی تایمز کردووە و نوسیویەتی، نوێنەرانی یونایتد خەون بە جادۆن سانچۆی ئەستێرەی هەڵکشاوی یانەی بوروسیا دۆرتمۆندەوە دەبینن، بەڵام ئیدارەی یانە ئەڵمانییەکە پێداگرییان لە بڕی (120) ملیۆن یورۆ کردووە بۆ واژووکردنی بۆندەکەی، ئەوەش ئەو نرخەیە کە یانە ئینگلیزییەکە ئامادەنییە لە یەک گواستنەوەدا بەکاریبخات.



بەپێی سەرچاوەکان، گاریس بەیل وەک پلانی یەدەگ لە حاڵەتی شکستی بۆندی سانچۆ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، ئینگلیزەکان ئۆفەرێکیان بۆ گواستنەوەی بۆ ماوەی دوو وەرز بەشێوەی خواستن پێشکەشکردووە، یاریزانەکە ڕەزامەندی دەربڕیوە و بڕیاری کۆتایی لەسەر هەڵوێستی فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی شاهانە وەستاوە.

ئەگەر جەمسەرەکان بە ڕێککەوتنێک بگەن، موچەی بەیل کە ساڵانە (15) ملیۆن یورۆیە بەشێوەیەکی هاوبەش لەلایەن هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر یونایتدەوە تەرخاندەکرێت.