کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئینتەر کۆڵنادات و بە قیستی چوار ساڵ داوای مێسی دەکات

01/08/2020
خاوەنداریەتی ئینتەرمیلان دەستبەرداری خەونی مێسی نەبوون
فۆتۆ: وەرزشی ئێستا
وەرزشی ئێستا

خاوەنداریەتی یانەی ئینتەرمیلان دەستبەرداری خەونی کڕینی لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندووی ئەرجەنتین نەبوون و بەنیازان بۆندێکی هەژێنەر پێشکەشی یانەی بەرشلۆنە بکەن.

لەماوەی ڕابردوو دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکانی کڕینی لیۆ مێسی لەلایەن یانەی ئینتەرمیلانەوە، پیپی ماروتای بەڕێوەبەری جێبەجێکار هەموو ئەو زانیارییانەی بە پڕوپاگەندە لەقەڵەمدا، دواتریش ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەر ڕایگەیاند، کە جوڵاندنی کڵێسای میلانۆ ئاسانترە لە گواستنەوەی مێسی بۆ ئینتەرمیلان.

ڕۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت ڕەتکردنەوەکانی ماروتا و کۆنتی پوچەڵکردووەتەوە و دووپاتیدەکاتەوە، ئەوەی بەڕێوەبەرانی نێراتزۆری ئاماژەیان پێکردووە بۆچوونی تایبەتی خۆیانە، بەڵام زهانگ جیندۆنگی خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی سونینی چینی کە خاوەنداریەتی یانەی ئینتەرمیلان دەکات بۆچوونێکی دیکەی هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست لاگازێتا کەوتووە، خاوەنە ملیاردێرەکەی ئینتەرمیلان کۆڵنادات، بەڵکو لە هاوینی 2021 بڕی (260) ملیۆن یورۆ بەرانبەر مێسی پێشکەشی یانەی بەرشلۆنە دەکات.



بۆندەکەش بەشێوەی کاش پێشکەش ناکرێت، بەڵکو لە ماوەی چوار ساڵدا بە چوار گوژمەی جیاواز ئەو بڕە پارەیە دەخەنە سەر هەژماری بارسا ئەگەر بێتو بەنرخەکە قایلبن، هەروەها موچەی ساڵانەی یاریزانەکەش بە بڕی (50) ملیۆن یورۆ زیاتر تەرخاندەکەن.

بارسا لەڕووی داراییەوە لە بۆندەکە سوودمەند دەبێت و ئینتەرمیلان لەڕووی وەرزشیی و داراییەوە براوە دەبێت، بەڵام چاوەڕواندەکرێت جادوگەرەکەی ئەرجەنتین بۆندەکە ڕەتبکاتەوە.