تۆڕی میدیایی ئێستا

کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

نیوەی دانیشتووانی تۆکیۆ داوا دەکەن ئۆڵۆمپیاد لە شارەکەیان ئەنجامنەدرێت

29/06/2020
ژاپۆنییەکان نایانەوێت ئۆڵۆمپیاد لە تۆکیۆ ئەنجامبدرێت
فۆتۆ: یاهوو
وەرزشی ئێستا

لە ڕاپرسییەکدا دەرکەوتووە نیوەی دانیشتووانی شاری تۆکیۆ دژی ئەوەن ئۆڵۆمپیادی هاوینی ٢٠٢١ لە شارەکەیان ئەنجامبدرێت.

بڕیاربوو هاوینی ٢٠٢٠ ئۆڵۆمپیادی هاوینە لە شاری تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن ئەنجامبدرێت، بەڵام تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی ناچارکرد بۆنە وەرزشییەکە بۆ هاوینی ٢٠٢١ دوابخات.

بەپێی ڕاپرسییەک کە لەلایەن ئاژانسی کیۆدۆ و کەناڵی تۆکیۆ ئێکسەوە ئەنجامدراوە، زۆرینەی دانیشتووانی شاری تۆکیۆ دژی ئەوەن تەنانەت لە هاوینی ٢٠٢١ ئۆڵۆمپیاد لە شارەکەیان ئەنجامبدرێت.

شارنشینانی تۆکیۆ ترسیان هەیە بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و نەبوونی هیچ گرەنتییەک لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە.

لەڕاپرسییەکەدا (١٠٣٠) کەس بەشدارییانکردووە، لەسەدا (٥٧.١)ی دەنگدەران هیوایان خواستووە ئۆڵۆمپیاد لە هاوینی ٢٠٢١ لە شارەکەیان ئەنجامنەدرێت تەنانەت قایلن بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی، لەبەرانبەردا لەسەدا (٤٦.٣) پێیانوابووە مەترسییەکی ئەوتۆ لەئارادا نەماوە و باشترە لەکات و وادەی دیاریکراودا سازبکرێت.

لەسەدا (٢٧.٧)ی دەنگدەران داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئۆڵۆمپیادییان کردووە و لە سەدا (٢٤) داوایانکردووە کات و وادەیەکی دیکە دیاریبکرێت، لەکاتێکدا کە مەترسی بۆسەر مرۆڤایەتی نامێنێت.

لیژنە پزیشکییەکان و بەرپرسانی تەندروستی ژاپۆن لەڕابردوودا هۆشدارییان بە لیژنەی ئۆڵۆمپی وڵاتەکەیانداوە، ئەنجامدانی بۆندەیەکی هێندە گەورەی وەرزشیی لەسەردەمی نەبوونی ڤاکسیندا ژیانی هاوڵاتنیانیان دەخاتە مەترسییەوە و ڕەنگە کارەساتێک ڕووبدات بە حکومەتی ژاپۆن کۆنتڕۆڵنەکرێت.

بڕیاربوو لە (٢٤)ی تەموز تا نۆی ئابی ٢٠٢٠ چالاکییەکانی ئۆڵۆپیاد ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کشانەوەی هەندێک لە وڵاتان، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی بە ڕێککەوتن لەگەڵ لیژنەی ڕێکخەر بڕیاریاندا چالاکییەکان بۆ بۆ (٢٣) تا هەشتی ئابی ساڵی ٢٠٢١ دووابخەن.