تۆڕی میدیایی ئێستا

کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئەمڕۆ، دووشەممە ئینتەرمیلان بۆندێکی چاوەڕوانکراو یەکلاییدەکاتەوە

29/06/2020
ئیدارەی ئینتەرمیلان لە گواستنەوەی ئەشرەف حەکیمییەوە نزیکە
فۆتۆ: ئۆرا سپۆرت
وەرزشی ئێستا

ئەشرەف حەکیمی باڵی بەرگری یانەی بوروسیا دۆرتمۆند، لە یانەی ئینتەرمیلان نزیکبووەتەوە و ئەگەرەکان بەو ئاڕاستەیەن ئەمڕۆ، دووشەممە ڕێککەوتنی کۆتایی ئەنجامبدرێت.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نێراتزۆری، پیپی ماروتا لەچاوپێکەوتنێکدا ئاماژە بە دانوستاندنەکان بۆ گواستنەوەی ئەشرەف حەکیمی کردووە و واژووکردنی بۆندەکەی بە نزیک وەسفکردووە.

ماروتا بە سکای سپۆرتی ئیتاڵی ڕاگەیاندووە، " خاوەنداریەتی یانەی ئینتەرمیلان سووربوونی خۆیان لە کۆکردنەوەی یاریزانە بەهرەدارەکان دووپاتکردووەتەوە، دڵنیاتان دەکەمەوە لە گفتوگۆکان بۆ گواستنەوەی ئەشرەف حەکیمی هەنگاوی باشمان ناوە و لە قۆناغەکانی کۆتاییداین، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەمان کارێکی ناوازەی کردووە و پێویستە بۆندەکە یەکلاییبکەینەوە".

بەڕێوەبەرە ئەزموندارەکە دەڵێت، " ئەمڕۆ، دووشەممە ڕۆژێکی گرنگ دەبێت لەبارەی کەیسی ئەشرەفەوە، بەش بەحاڵی خۆم گەشبینم".

ئەشرەف بۆ ئینتەر؟ چەند هۆکارێک لەپشت ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕەوەیە

لەکۆتاییشدا ڕایدەگەیەنێت، ماوەی دوو مانگە ئیدارەی مارە شینەکانی میلان کار لەسەر گواستنەوەکان دەکەن و لەچەند هەفتەی داهاتوودا ئەنجامی هەوڵەکانیان دەردەکەوێت.

سەرچاوەکانی هەواڵ دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، ئەشرەف حەکیمی لەدوای کۆتاییهاتنی ماوەی خواستنی لە یانەی بوروسیا دۆرتمۆند بۆندی نوێنەکردووەتەوە، لەکاتێکدا یانەی ڕیاڵ مەدرید بەهۆی بوونی دانی کارڤاخالەوە پێویستیان بە گەڕانەوەی نییە.



حەکیمی لەگەڵ یانە ڤیستیڤالییەکەی ئەڵمانیا بەرەوپێشچووە و وەک یەکێک لە باشترین باڵەکانی بەرگری ڕاست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

یاریزانە مەغریبییەکە تا هاوینی ٢٠٢٢ بۆندی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید واژووکردووە، بۆیە بۆ گواستنەوەی ئینتەرمیلان ناچاردەبێت (٤٠) ملیۆن یورۆ پێشکەشی شاهانە بکات، دەنگۆی ئەوەش لەئارادایە کە موچەی بەبڕی پێنج ملیۆن یورۆ لە ئیتاڵیا بۆ تەرخان دەکرێت ئەوەش دوو هێندەی موچەکەیەتی لە دوو یانەی پێشووی.