تۆڕی میدیایی ئێستا

کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

(وێنە) فیدراسیۆن هەڕەشەی سڕکردنی لە لیڤەرپوڵ کردووە و کلۆپ داوای ڕاگرتنی ئاهەنگەکان دەکات

29/06/2020
یۆرگن کلۆپ داوا لە هاندەرانی لیڤەرپوڵ دەکات ئاهەنگی سەرکەوتنەکان ڕابگرن
فۆتۆ: لیڤەرپوڵ ئیکۆ
وەرزشی ئێستا

ئاهەنگگێران و سەرکێشی هاندەرانی یانەی لیڤەرپوڵ سنوری بەزاندووە و یۆرگن کلۆپی ڕاهێنەری ئەڵمانی داوایان لێدەکات لە کاتی گونجاودا ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن.

لەکۆتا ڕووبەڕوبونەوەکانی خولی نایابی ئینگلیزی، یانەی چێڵسی بردنەوەی بەرانبەر مانچستەر سیتی تۆمارکرد و بەر لە ئەنجامدانی حەوت گەڕی کۆتایی، نازناوی ئەم وەرزەی خولی شێرەکانی بەخشرایە یانەی لیڤەرپوڵ.

بڕیاربوو هاندەران لە کاتێکی گونجاودا ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن و بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەماڵەکانیان بمێننەوە قەرەباڵغی دروست نەکەن.

بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێچەوانەکەی بوو، ڕێژەیەکی بێشوماری هاندەران لە سەنتەری شار کۆبوونەوە و تێکەڵبوون ئاسایی بووەوە، تەنانەت دوو شەوە لە ئاهەنگگێران بەردەوامن و چەندین کێشە ڕوویانداوە.

بەهۆی تەقاندنی یارییە ئاگرینەکانەوە ماڵێک سوتاوە و زیانی (١٠) هەزار پاوەند بە فرۆشگاکانی شار کەوتووە، چونکە هاندەران لە ئاهەنگێڕانەوە ڕووە و ئاژاوەگێڕی هەنگاویان ناوە.

بەم هۆیەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا و ڕایەڵەی یانەکان هەڕەشەیەکی ڕوون و ئاشکرایان ئاڕاستەی بەرپرسانی شارەکە کردووە، ئەگەر لادان لە یاسا و پڕۆتۆکۆلی کۆرۆنا نەوەستێنن ڕاستەوخۆ سزای سڕکردن بەسەر هاندەرانی یانەی لیڤەرپوڵ و پاڵەوانی ئەم وەرزەدا دەسەپێنن.

لەم بارەیەوە یۆرگن کلۆپی ڕاهێنەری ڕێدز، لە ماڵپەڕی لیڤەرپوڵ ئیکۆوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووتەوە تیایدا داوا لەهاندەران دەکات کۆتایی بە ئاهەنگگێڕانەکانیان بهێنن.

کلۆپ دەڵێت، " ناچارم پێتان بڵێم، ئەوەی ڕوویدا حەزم پێی نەبوو، ئەوەی ڕۆژی هەینی لە پیێر هید ڕوویدا گونجاو نەبوو، منیش مرۆڤم وەک ئێوە حەز و ئارەزووی ئاهەنگگێرانم هەیە، بەڵام لەئێستادا گرنگترین شت ئەوەیە قەرەباڵغی دروستنەکەین".

ڕاهێنەرەکە لەڕوونکردنەوەکەدا نوسیویەتی، " ئێمە قەرزداری چەند چین و توێژێکی کۆمەڵگەکەمانین، کارمەندانی تەندروستی و پزیشکان و پۆلیس و دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی شار، ئەوان هەمیشە یاریدەدەری یانەکەمان بوون، ئێمە هەموو حەزمان بە ئاهەنگگێڕانە، بەڵام لە کاتی گونجاودا سازیدەکەین بۆ ئەوەی ڤایرۆسی COVID -19 بەناوماندا بڵاونەبێتەوە، بۆ ئەوەی شیرازەی شارەکەمان تێکنەدات".

لەکۆتاییدا ڕاهێنەرەکە بەڵێن بە دانیشتووان و هاندەری یانە سوورەکە دەدات، لەگەڵ تێپەڕبوونی ڤایرۆسەکە شاری لیڤەرپوڵ بەڕەنگی سور ڕوپۆشدەکەن و شێتانە ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن.