ئێران: ناکۆکییەکانمان لەگەڵ سعودیە وڵاتانی دەرەکی دروستیان کردووە

01/08/2020
عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
فۆتۆ: فرانس پرێس
ئێستا - ئیرنا
ئێستا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس موسەوی، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، ڕایگەیاند وڵاتەکەی هەردەم ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ سعودیە، ناکۆکییەکانی تاران و ڕیازیش تەنها هەڵەتێگەیشتنێکە، کە وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە دروستیان کردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئیرنا، عەباس موسەوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتوویەتی، "ئێران ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گرنگە، ئەمەش بەبێ بەشداریکردن و هاریکاریی وڵاتانی ناوچەکە نایەتەدی، هەڵبەت ئەو وڵاتە زلهێزانەی هاتوونەتە ناوچەکە، ئەمەیان پێ خۆش نییە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە گفتوگۆکردنی تاران و ڕیاز وتی، "ئێمە هەردەم ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لەنێویشیاندا سعودیە، ئیدی لەڕێی نێوەندگیر بێت یاخود بێ نێوەندگیر".

موسەوی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو ناکۆکییانەی لەگەڵ سعودیە هەیانە، "تەنها هەڵەتێگەیشتنێکە و وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە دروستیان کردووە، گومانیشی تێدا نییە کە دەتوانرێت ئەو هەڵەتێگەیشتنانە لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەربکرێن".

وتەبێژەکە پێداگری لەوە کرد کە دەیانەوێت هەموو گرژی و هەڵەتێگەیشتنێک لەگەڵ وڵاتان، بەتایبەتی ئیسلامییەکان، نەهێڵن و چارەسەربکەن، "پێمان وایە ئەو لێکترازانانەی بەهۆی ناکۆکییەکانمان دروستبوون، دوژمنان و قەوارەی سەهیۆنی دەیانقۆزنەوە. یەکگرتوویی پرسێکی ستراتیجییە بۆ ئێران و هەردەم دەستی دۆستایەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە ڕادەکێشێت".

عەباس موسەوی وتیشی ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت سەقامگیری و بووژانەوە و ئاشتی لە ناوچەکەدا هەبێت، "هاوڕێیەکی باشتر لە ئێران نابیننەوە".