×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ناوچە سنورییەكانی هەرێم هێشتا لەژێر كاریگەریی جەنگی ئێران-عێراقدان

2020-09-21
مین
فۆتۆ: Google
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
پاش كۆتاییهاتنی جەنگە هەشت ساڵییەكەی نێوان عێراق و ئێران، كاریگەری ئەو جەنگە لەسەر هەرێمی كوردستان تا ئێستا ماوەتەوە، وێڕای كۆتاییهاتنی جەنگەكە هەزاران هاوڵاتیی هەرێم بوونەتە قوربانی.

بەگوێرەی ئامارەكانی دەزگای مینی هەرێم، زیاتر لە 700 كیلۆمەتری دووجا لە زەوییەكانی هەرێم بە مین پیسبوون، زۆربەی ئەو ڕێژەیەش بۆ كاتی ئەو جەنگە دەگەڕێندرێتەوە.

"جەنگەكە كۆتاییهات بەڵام كاریگەرییەكانی ماون"
عوبێد ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی كاروباری هونەریی دەزگای مینی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، "بێگومان شەڕی ئێران و عێراق وایكرد هەموو ناوچە سنوورییەكانی نێوان كوردستان و ئێران لە برادۆستەوە تا پشدەر و خانەقین كە مەیدانی جەنگەكە بوون، پاشماوەی جەنگیان لێبێت، كە خراپترینیان مینڕێژكردنی ئەو ناوچانە بوو".

بەڕێوبەری كاروباری هونەریی دەزگای مین ئاماژەی بەوەشكرد، گەورەترین ڕێژەی پیسبوونی زەوی بە مین و تەقەمنی لە هەرێمی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی نێوان ئێران و عێراق، ئاشكراشیكرد، "بەپێی داتاكانی ئێمە نزیكەی 700 كیلۆمەتری دووجا زەوی لە هەرێم بە مین پیسبوون، بە هەموو ئەو شەڕانەی لە هەرێمی كوردستان ڕویانداوە، بەڵام زۆربەی ئەو ڕێژەیەش دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی عێراق-ئێران".

بەگوێرەی ئامارەكانی دەزگای مین، لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا 220 كلیۆمەتر دووجا زەوی پیسبوو بە مین ماونەتەوە، كاری تیمەكانی ئەو دەزگایەش بۆ پاككردنەوەی ئەو ناوچانە بەردەوامییان هەیە.



"13 هەزار كەس بوونەتە قوربانی"
سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی مینەوە لە هەرێم بوون بە قوربانی، عوبێد ئەحمەد ئاشكرایكرد، "ژمارەی ئەو كەسانەی بە مین بوون بە قوربانی زیاتر لە 13 هەزار كەسن، زۆربەی ئەو قوربانییانەش لە نێوان ساڵەكانی 1991 بۆ 1997 مینیان پێدا تەقیووەتەوە".

ئەوانەی بەهۆی مینەوە بە قوربانی هەژمار دەكرێن، مەبەست لێیان ئەو كەسانەن، كە مین پێیاندا تەقیووەتەوە و كەمئەندام بوون یان گیانیان لەدەستداوە.

ئەو بەرپرسەی دەزگای مینی هەرێم ئەوەشی وت، "كاریگەرییەكانی جەنگی نێوان ئیران-عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان زۆر گەورەن، كاریگەری كردووەتە سەر بوژاندنەوەی ئابوری و كشتوكاڵیی ناوچە سنورییەكان و نەتوانراوە زەوییەكانیان بۆ كشتوكاڵ و مەڕوماڵات بەكاربهێندرێن".

لە 22ی ئەیلولی 1980 جەنگی نێوان ئێران و عێراق بە هێرشی ڕژێمی سەدام بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستیپێكرد، دوای هەشت ساڵ و لە 8/8/1988 جەنگەكە بە فەرمی كۆتاییهات، بەوهۆیەشەوە هەزاران سەربازی هەردوو وڵات كوژران.



‌ئێستا