×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

خالید شوانی: لەژێر هیچ گوشارێكدا ئامادەنین دەستبەرداری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم بین

2020-09-21
كۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەكە
فۆتۆ: .
ئێستا - هەولێر
ئێستا
خالید شوانی، وەزیری هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلول ڕایگەیاند، پارێزگاری ئێستای كەركوك كارئاسانی بۆ داگیركردنی زەوییەكانی كورد دەكات و دەشڵێت، حكومەتی هەرێم لەژێر هیچ گوشارێكدا ئامادەنییە دەستبەرداری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم ببێت.

ئەمڕۆ بە بەشداری ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و پرسی قوربانیانی دەستی داعش لە هەولێر بەڕێوەچوو.

دوابەدوای كۆبوونەوەكە خالید شوانی، وه‌زیری هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، پارێزگاری ئێستای كه‌ركوك ئاسانكاری بۆ داگیركردنی زه‌وییه‌كانی كورد ده‌كات.

وتیشی، "بارودۆخی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم ناكرێت هەروا بەردەوام بێت، لەئێستادا ستەمێكی زۆر لە كورد دەكرێت و پڕۆسەی بەعەرەبكردن بەردەوامە و كورد لە دەسەڵات و پۆستە ئیدارییەكان دورخراوەتەوە".

خالید شوانی ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بە ئاراستەی چارەسەری كێشەكان و ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و سەرلەنوێ زیندوكردنەوەی ماددەی 140ە.

بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەیەك تایبەت بەو ناوچانە ئامادەكراوە و وەزیرەكەی هەرێم وتی، "پڕۆژەكە دەیخەینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و دواتریش لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا گفتوگۆ دەكەین" و دوپاتیشیكردەوە، لەسەر ئەو پرسە سەردانی بەغداد دەكەین و وەك حكومەتی هەرێم لە ژێر هیچ گوشارێكدا ئامادەنین دەستبەرداری ئەو ناوچانە ببین.

لای خۆیەوە عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون وتی، گرنگی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەدرێژایی مێژوو سەرچاوەی گرفتەكانی هەرێم بووە لەگەڵ بەغداد.

وتیشی، "ویستی هەرێم ئەوەیە سەرجەم ئەو دۆسیانە لە چوارچێوەی دەستور چارەسەربكەین".

پرسێكی تر كە لەو كۆبوونەوەیەدا گرنگی پێدراوە بابەتی تاوانەكانی داعشە و لەو ڕوەوە عەبدولكەریم خەسرۆ ئاشكرایكرد كە كار لەسەر كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكانی تایبەت بە تاوانەكانی داعش دەكەن و بە گرنگییەوە لەو دۆسیەیە دەڕوانن.



‌ئێستا