×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن ئاشکراکرد

2020-09-21
پۆلێکی خوێندنی سەرەتایی
فۆتۆ: google
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی و دەستەی داکۆکیکردن لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و ئەنجومەنی فشار لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی خوێندن دەکرێتە سەرەتای مانگرتنێکی سەرتاسەری.

ئەمڕۆ 21 ی ئەیلول، مامۆستایانی ناڕازی لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا ڕایانگەیاند، "تا جێبەجێکردنی کۆی خواستەکانمان دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ ڕەتدەکەینەوە و لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی خوێندن مانگرتن دەبەینە کۆی پارێزگاکانی هەرێم".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "هیچ میکانیزمێک بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن سەرکەوتوو نابێت تاوەکوو پێدانی موچەی مامۆستایان بەبێ لێبڕین و 30 ڕۆژ جارێک نەبێت، چونکە بڕیاری بە ئۆنلاینکردنی خوێندن خۆدزینەوەیە لە پێدانی مافەکانی مامۆستایان".

بەیاننامە هاوبەشەکە چەند داواکارییەک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات لەوانە، "دیاریکردنی میکانزمی موچە پاشەکەوتکراوەکانی مامۆستایان و دۆزینەوەی کار و دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەتایبەت مامۆستایانی وانەبێژ".

مامۆستایانی ناڕازی داوایانکرد "گرتن و پڕکردنەوەی بەڵێننامە لە مامۆستایان لە دهۆک و هەولێر ڕابگیرێت و حکومەت شکۆ بۆ مامۆستا دابنێت".

ئاماژە بەوەشکراوە تا وەڵامی خواستەکانی مامۆستایان نەدرێتەوە سەبارەت بە موچە و پاشکەوتی موچەکانیان پرۆسەی خوێندن لە هەرێم زیاتر نزیک دەبێتەوە لە داڕوخان.



‌ئێستا