×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

بە ئامانجكردنی ئۆتۆمبێلی هێزە بیانییەكان بەردەوامە

2020-09-16
كاروانێكی ئۆتۆمبێلی هێزە بیانییەكان لە عێراق
فۆتۆ: AA
ئێستا - عێراق
ئێستا
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویكردەوە، بۆمبێکی چێنراو کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعشی لە باشووری وڵاتەكە کردووەتە ئامانج.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیایەکدا تەقیوەتەوە کە گرێبەستی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بە مەبەستی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی، تەقینەوەکە لە ناحیەی نیل لە پارێزگای بابل باشووری عێراق ڕویداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش ڕونکراوەتەوە کە تەقینەوەکە زیانی بە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکە گەیاندووە.

ئەم هێرشە بە سێیەم هێرشی هاوشێوە دادەنرێت کە لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامبدرێت، تائێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتیی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە رانەگەیاندووە.

لە مانگی تەموزی ڕابردووەوە تائێستا چەندینجار کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە چەند پارێزگایەکی عێراق لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.



‌ئێستا