×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئیمارات و بەحرەین ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل دا ئیمزاكرد

2020-09-15
ترەمپ و ناتانیاهو لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و بەحرەین
فۆتۆ: Reuters
ئێستا - جیهان
ئێستا
ئیمارات و بەحرەین ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل دا ئیمزاكرد و سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت بەمنزیكانە سعودیەش لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕێكدەكەوێت.

ئەمڕۆ 15ی ئەیلول، هەردوو رێککەوتنی نێوان بەحرەین - ئیسرائیل و ئیمارات – ئیسرائیل ئیمزاكران. ڕێوڕەسمی ئیمزاكردنی دوو ڕێككەوتننامەكە لە واشنتۆن بەڕێوەچوو. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕێوڕەسمەكەی لە کۆشکی سپی ڕێكخست. جگە لە بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئسیرائیل، عەبدولـلەتیف بن راشد زیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین و عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات كە ڕێككەوتنەكانیان ئیمزاكرد، دۆناڵد ترەمپ 700 میوانی تری بانگهێشتکردبوو بۆئەوەی بەشداریی ڕێوڕەسمەكە بكەن و شایەتحاڵی ساتی مۆرکردنی هەردوو رێککەوتنەکە بن کە بە دوو رێککەوتنی مێژوویی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەژماردەكرێن و چاوەڕوان دەكرێت ڕێڕەوی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی عەرەب و مسوڵمان لەگەڵ ئیسرائیلدا بگۆڕێت.

بەر لە ئیمزاكردنی دوو ڕێككەوتننامەكە و لەوەتەی هەریەك لە ئیمارات و بەحرەین ویستی خۆیان بۆ ڕێككەوتن و ڕاگەیاندنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕاگەیاندبوو، چەندین وڵاتی ناوچەكە و جیهان پێشوازییان لەو هەوڵانەی ئاشتی كرد، بەڵام فەڵەستین و توركیا و ئێران لەدژی وەستانەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.

دوابەدوای ئیمزاكردنی دوو ڕێككەوتنەكە لە واشنتۆن، مووشەک لە كەرتی غەززەی فەڵەستینەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران و بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ لە ئیسرائیل، بەهۆی مووشەكبارانەكەوە دوو کەس برینداربوون.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرایكرد، وتووێژی لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدلعەزیز پادشای سعودیە و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشیندا كردووە و وتی، "ئەوان كراوەن بەڕووی ڕێككەوتنی ئاشتیدا و بەمنزیكانە دەچنە ڕیزی دوو دەوڵەتە عەرەبییەكەی ترەوە."



‌ئێستا