×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

حكومەتی عێراق: دانوستاندنی نێوان هەرێم و بەغداد لە بودجەی 2021دا ڕەنگدەداتەوە

2020-09-15
حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق
فۆتۆ: ئێستا
ئێستا - عێراق
ئێستا
وتەبێژی حكومەتی عێراق دەڵێت، دانوستاندنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد لە بودجەی ساڵی 2021ـدا ڕەنگدەداتەوە.

ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ 15ی ئەیلول سازیدا، ڕایگەیاند، ئامانج لە سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران بۆ هەرێمی كوردستان، چارەسەركردنی هەموو كێشەكان بووە و ڕوونیكردەوە، كازمی لە سەردانەكەیدا گەیشتووە بە چەند لێكتێگەیشتنێك لەبارەی بودجە و نەوت و دەروازە سنوورییەكان و كێشەكانی تری نێوان هەولێر و بەغداد.

ئەحمەد مولا تەڵال ئاشكرایكرد كە ئەنجامی دانوستاندنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی "لە بودجەی ساڵی 2021ـدا ڕەنگدەداتەوە."

وتەبێژەكەی حكومەتی عێراق وتیشی، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران دەستپێكردنی كاركردنی لە پرۆژەی دروستكردنی بەندەری گەورەی فاو ڕاگەیاندووە. ئەنجومەنی وەزیرانیش كۆنووسەكەی وەزارەتی پلاندانانی پەسەندكردووە كە تایبەتە بە دروستكردنی 15 نەخۆشخانە لە چەندین شاردا.

دوێنێ مستەفا كازمی گۆڕانكاری لە چەند پۆستێكی حكومیدا كرد و ئەوەش بەشێك لە لایەنەكانی نیگەران كرد و ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە ڕێوشوێنەكانی كازمی بەدەر نەبوون لە پشكپشكێنە، لەوبارەیەوە وتەبێژی حكومەت ڕایگەیاند، گۆڕانكارییەكان بەپێی یاسا و ڕێكارە كارگێڕییەكان كراون و كازمی كاردانەوەی لایەنەكان بەرامبەر بە پشكپشكێنە زۆر بەرز دەنرخێنێت.

لەدرێژەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا، ئەحمەد مولا تەڵال باسی لەوە كرد كە كازمی جەختی لە مافی دەستووری و سەروەرانەی عێراق كردووەتەوە سەبارەت بە بەندەرەكان و بە دیاریكراویش بەندەری گەورەی فاو، وتیشی، سەرۆكوەزیران بەڵێنی داوە حكومەتەكەی "شەرەفی دروستكردنی بەندەری گەورەی فاوی پێببڕێت."



‌ئێستا