×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وەزارەتی کشتوکاڵ: نۆ بەنداوی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروستدەکەین

2020-09-15
بەنداوی دوکان
فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئەیلول، دەریاچەی دەربەندی ڕانیەی بەسەرکردەوە بەمەبەستی زیادکردنی 120 هەزار لەپە ماسی، هەر لەو بەسەرکردنەوەیەدا وەزیری کشتوکاڵ ڕایگەیاند، کە پرۆپۆزەڵی دروستکردنی نۆ بەنداوی نوێیان داناوە.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە مەبەستی پەرەپێدانی سامانی ماسی، ئەمڕۆ سەردانی دەریاچەی دەربەندی ڕانیەمان کرد و 120 هەزار لەپە ماسیمان کردە دەریاچەکە، چونکە یەکێکە لە سامانە هەرە گرنگەکان و خواستی خەڵکیش زۆرە لەسەری.

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم وتیشی، سیاسەتی وەزارەتی کشتوکاڵ گرنگیدانە بە سامانی ماسی وەک سەرچاوەیەکی سروشتی.

"سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، ئێستا ڕێژەی %60ی خواستی بازاڕی ناوخۆ پڕدەکاتەوە و %40ی خواستی بازاڕیش بە هاوردەی کردنی بەرهەمی ماسی لە دەرەوە پڕدەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارمانداوە بە پەرەپێدانی پیشەسازی لە قوتونانی ماسی"، بەپێی لێدوانی وەزیری كشتوكاڵ.

بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەمانەوێت لە قوتونانی ماسی ئەوەندە پەرەپێبدەین کە سەرجەم پێداویستیی بازاڕی هەرێم و عێراق پڕبکەینەوە و هەناردەی دەرەوەشی بکەین چونکە لە جیهاندا خواستێکی زۆری لەسەرە.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو باسی لەوەشکرد، کە پەروەردەکردنی پەنجە ماسی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڤێتێرنەرییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، "لە ماوەی ڕابردوودا 180 هەزار پەنجە ماسیمان دابەشکردووە بەسەر پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسیدا".

جەختیشیکردەوە کە دەستیان کردووە بە پێدانی مۆڵەت بە خاوەن پرۆژە نایاساییەکانی بەخێوکردنی ماسی، بە مەبەستی کارکردنیان بەپێی ڕێکاری یاسایی و کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشیانەشی کە لە ناو سامانی ماسیدا بڵاودەبێتەوە، سەرجەم ئەو پرۆژانەش مۆڵەتیان پێدەدرێت و هەر کەموکوڕییەکیشیان هەبێت بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەت چاکدەکرێت.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، وەزیری کشتوکاڵ وتی، "لە بەرنامەماندایە بەردی بناغەی پڕۆژەی گەورە دابینێین، لەوانەش پرۆپۆزەڵی دروستکردنی نۆ بەنداوی نوێمان داناوە کە لە داهاتوودا جێبەجێیان دەکەین".

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ساڵانە هەرێمی کوردستان 4000 تۆن ماسی بەرهەم دەهێنێت، لەو ژمارەیەش 2000 تۆنی لە پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسییەوە بەرهەمدێت و 2000ەکەی دیکەی لە ڕێگەی ماسیگرتن یان ڕاوە ماسییەوە دەستدەکەوێت، لە هەرێمدا دوو جۆر ماسی بەرهەم دەهێنرێت کە ماسی (کارپ) و ماسی (سەلەمون)ە.

لە هەرێمی کوردستاندا 356 حەوزی ماسیی خۆڵی هەیە، 15 حەوزی بەخێوکردنی ماسی و 22 حەوزی قەفەس هەیە.



‌ئێستا