×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هۆشداری دەدات لە هەڵکشانی زۆری تووشبووانی کۆرۆنا لە پاییزدا

2020-09-15
پزیشکێک لە نەخۆشخانەیەکی چارەسەری کۆرۆنا لە سلێمانی
فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەڵکشانی زۆری ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی پاییزدا هۆشداری دەدات و بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتیش دەڵێت هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، بەڵام مەترسییەکە هەر هەیە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر خالس قادر، بەڕێوبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان وتی، "بەپێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ئەو پێشبینیانەی ئێمە بۆ دۆخەکە هەمانە لە پاییزدا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا جارێکی دیکە هەڵدەکشێت و دەێت هاوڵاتییان خۆپارێزییەکانیان زۆر زیاتر بکەن و زیاتر پابەندی ڕێنماییەکان بن".

دکتۆر خالس قادر وتیشی، "وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو شەپۆلە، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین هەنگاو خۆپارێزیی هاوڵاتییانە".

سەبارەت بە ئامادەکارییەکان و ئەو هەنگاوانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی پاییزی کۆرۆنا دەستیپێکردووە دەڵێت، ئامادەکارییەکان دابینکردنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی بۆ سەرجەم کارمەندان و پزیشکانی هەرێمی کوردستان، جل و بەرگی تایبەتی خۆپارێزی، ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشکییانەی کە بۆ نەخۆشی و پەتا وەرزییەکانی پاییز پێویستن.

بەڕێوبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستیی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا هیچ کێشەیەکی نەمانی پێداویستیی پزیشکی، دەرمان و پڕبوونی نەخۆشخانەکانمان نییە و هەر تووشبوویەک کە پێویست بکات لە نەخۆشخانە چاودێری دەکرێت.

تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە، 37 هەزار و 310 کەس، لەو ژمارەیەش 1364 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23 هەزار و 746 کەسیش چاکبوونەتەوە.



‌ئێستا