×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ناوەندی هەماهەنگیی ڕووسی: چەکداران لە سووریا هەوڵدەدەن هێرشبکەنە سەر بنکەی حەمیمیم

2020-08-06
دیمەنی ناوەوەی بنکەی ئاسمانیی حەمیمیم لە سووریا
فۆتۆ: سپوتنیک
ئێستا - سپوتنیک
ئێستا
ناوەندی هەماهەنگیی ڕووسی لە سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئاب، ڕایگەیاند چەکداران هێزە سوورییەکان دەکەنە ئامانج و هەوڵدەدەن هێرشبکەنە سەر بنکەی ئاسمانیی حەمیمیم.

ئاژانسی سپوتنیک ڕاگەیەنراوێکی ناوەندی هەماهەنگیی ڕووسی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بوونی ناڕەوای ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، بووە بە بەربەستێکی سەرەکی لە گفتوگۆی نێوان لایەنە بەشەڕهاتووەکان".

ناوەندەکە جەختی کردەوە کە مۆسکۆ و دیمەشق ئامادەن هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ یەکلاییکردنەوەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی فورات و دەستپێکردنی گفتوگۆی نیشتمانی.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هەندێک چەکدار دەیانەوێت هێرشبکەنە سەر بنکەی ئاسمانیی حەمیمیم، کە هێزەکانی ڕووسیای لێن. ناوەندی هەماهەنگی هۆشداریشیدا، "هێزە ڕووسییەکان مافی ئەوەیان هەیە بەرپەرچی چەکدارەکان بدەنەوە، ئەگەر چالاکییەکانیان مەترسییان بۆ دەوروبەری ناوچەی داکشاندنی گرژییەکان لە ئیدلب دروستکرد".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکە باس لەوە کراوە کە بارودۆخی ئەو ناوچانەی دەیرەزوور، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سووریادان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت.



‌ئێستا