×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیان لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە

2020-08-06
کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی
فۆتۆ: نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق
ئێستا
ئێستا
سەرۆککۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئاب، لە کۆشکی کۆماری کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا گفتوگۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابووریی وڵات کراوە".

سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران باسیان لە بارودۆخی دارایی هەرێم و پەیوەندییەکانی بەغداد و هەولێر کردووە، "جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک مافە دەستوورییەکانی سەرجەم هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی عێراق و هەرێم بپارێزێت".
بەرهەم ساڵح و کازمی جەختیان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاک و بێگەرد کردووەتەوە، "وەک پابەندبوون بە کارنامەی حکومەت".

هاوکات کازمی و بەرهەم ساڵح تیشکیان خستووەتە سەر قەیرانی ئابووری و خستنەڕووی چارەسەر و ڕێوشوێنی پێویست، تاوەکو عێراق لە قەیرانەکە دەربازبکەن، ئەویش بە کەمکردنەوەی خەرجیی حکومەت و زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی وڵات و جێبەجێکردنی چاکسازی.

دوو پرسی دیکەی کۆبوونەوەکە، ڕاوەدوونانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بووە، کە گفتوگۆی پشیتوانیکردنی لایەنە تەندروستییەکان و گەرەنتیکردنی سەلامەتی و تەندروستیی هاوڵاتییان کراوە.



‌ئێستا