×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

مووچەی کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێم بە فەرمانی مستەفا کازمی خەرجدەکرێت

2020-08-06
بژاردنی مووچە
فۆتۆ: .
ئێستا
ئێستا
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، ڕۆژی سێشەممە 4ی ئاب، فەرمانی بە وەزارەتی دارایی کردووە مووچەی کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بەبێ دواکەوتن خەرجبکرێت.

نووسینگەی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران نووسراوێکی "زۆر بەپەلە"ی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کردووە و تێیدا داوا کراوە، "بەزووترین کات مووچەی کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت و کارمەندەکان بخرێنە سەر میلاکی وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی حکومەتی فیدراڵ".

لە نووسراوەکەدا هاتووە، "ڕۆژی 4ی ئاب، سەرۆکوەزیران فەرمانیکردووە بە وەزارەتی دارایی، مووچەی مانگەکانی نیسان، ئایار و حوزەیرانی کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەمودەست خەرجبکرێت و شایستە داراییەکانیشیان دوانەخرێت".

مستەفا کازمی فەرمانی بەوەش کردووە کە مووچەی مانگەکانی دواتریشیان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2020 خەرجبکرێت. هەروەها "فەرمانبەرەکانیش بخرێنە سەر میلاکی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی فیدراڵ". نووسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئاب بڵاوبووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، کازمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دواتر لەگەڵ چارەسەرکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان، "ئەو بڕە پارانەی بۆ بەنداوەکان خەرجکراون، یەکلاییبکرێنەوە".

ڕۆژی 23ی تەمموز، کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، "ماوەی چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە بایکۆتی دەوام دەکەن، تاوەکو مووچەکانیان دابەشدەکرێت".

کارمەندانی فەرمانگەکانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، بەهۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017ی دەربەندیخان و زیانبەرکەوتنی بەنداوەکەوە حکومەتی عێراق بڕیاریدا مووچەکانمان بگەڕێنێتەوە سەر ناوەند، "ئێستاش ماوەی چوار مانگە لەو مافە سەرەتاییە بێبەشین".

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "داوا دەکەین چارەنووسمان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند یەکلایی بکرێتەوە، چونکە لە 1ی تەمموزەوە بەغداد حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردووەتەوە کە پێویستە بەپێی دەستوور بەنداوەکان بچنەوە سەر ناوەند، ئەگەرنا ئامادە نییە مووچەکانمان خەرج بکات".

کارمەندانی بەنداوەکان جەختیان لەوەش کردەوە کە لە ئێستادا "بەنابەدڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان هەڵدەسپێرن، چونکە لە توانایاندا نەماوە. هەروەها بەرپرسیش نین لە ڕوودانی هەر کارەساتێکی نەخوازراو لە بەنداوەکان یان سەلامەتیی ژیانی دانیشتووانی خوارووی بەنداوەکان".



‌ئێستا