×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

دەروازەی ئیبراھیم خەلیل دەنگۆی سووتانی دۆسیەکانی دەروازەکە ڕەتدەکاتەوە

2020-08-04
کارمەندێکی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئەو ئاگرە دەکوژێنێتەوە کە لە دوو بارهەڵگری ناو دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل کەوتنەوە
فۆتۆ: Facebook / Derwazê Ibrahîm Xelîl
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
وتەبێژی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل، کامی کەمال، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاب، ڕایگەیاند کەوتنەوەی ئاگر لە دوو بارهەڵگر لەناو کومەڵگەکە پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ئەو کەلوپەلانە هەبووە کە لەناو بارهەڵگرەکاندا بوون، هاوکات ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە "بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە دۆسیەکانی کۆمەڵگاکە سووتابن."

کامی کەمال لەبارەی کەوتنەوەی ئاگر لە دوو بارهەڵگر لەناو کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووه‌، "ڕووداوەکە کاتژمێر 5:10 خولەکی ڕۆژی 2020/8/3 لە گۆڕەپانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل ڕوویداوە، کە ئاگر لە بارهەڵگرێک بەربووە و دواتر ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و گەیشتووەتە ئۆتۆمبێلێکی دیکە".

لە ڕاگەیەنراوەکەی وتەبێژی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیلدا، ئاماژە بەوە دراوە کە دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەته‌ شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، هەروەها تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنها زیان بە هەردوو بارهەڵگرەکە کەوتووە.

کامی کامل، لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە ڕایگەیاندووە، "ئاگرەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ئەو کەلوپەلانەی لەناو بارهەڵگرەکاندا بوون کەوتووەتەوە، کە بریتی بووە لە پۆستی ئۆنلاین و بڕێکیان ماددەی غازی بوون وەک قۆڵۆنیا و سپرای."

وتەبێژی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە کە لە ژمارەیەک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییه‌كان لەبارەی سووتانی ئۆفیس و کۆگا و دۆسییەکانی کۆمەڵگاکە بڵاوبووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "هەموو ئەو دەنگۆیانە بێبنەمان و دوورن لە ڕاستییەوە."

کامی کامل داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان کردووە خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی "هەواڵی بێبنەما" و ڕێز لە بنەما و پرەنسیپەکانی کاری رۆژنامەوانی بگرن، ڕاشیگەیاندووە "هەر دەزگا و دامەزراوەیەکی میدیایی خواستی بینینی ڕاستییەکانی هەیە، دەتوانێت سەردانی کۆمەڵگاکە بکات و ڕاستییەکان بە چاوی خۆی ببینێت."



‌ئێستا