×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

عێراق سێیەم گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە ڕیزبەندیی وڵاتانی عەرەبیدا

2020-08-04
کێڵگەی نەوتی زوبەیر، نزیک بەسڕە
فۆتۆ: REUTERS
ئێستا - ئاژانسەکان
ئێستا
بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی "Global Firepower"، عێراق لە ڕیزبەندیی وڵاتانی عەرەبیدا سێیەم گەورەترین بەکاربەری نەوتە، لە کاتێکدا ئەمریکا یەکەمی ڕیزبەندیی جیهانی وەک گەورەترین بەکاربەری نەوت، گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، "عێراق ڕیزبەندیی سێیەمی وڵاتانی عەرەبی و 26ـەمی وڵاتانی جیهانی وەک گەورەترین بەکاربەری نەوت، گرتووە، بە جۆرێک کە ڕۆژانە 825 هەزار بەرمیل نەوت بەکاردەبات، لە کاتێکدا سعودیە ڕیزبەندیی یەکەمی وڵاتانی عەرەبی و پێنجەمی جیهانی گرتووە و ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەبات." هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، "میسڕ ڕیزبەندیی دووەمی وڵاتانی عەرەبی و 25ـەمی جیهانی گرتووە و ڕۆژانە 832 هەزار بەرمیل نەوت بەکاردەبات."

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، "ئەمریکا گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا و ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەبات."

دامەزراوەی "Global Firepower"، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "چین دووەم گەورەترین وڵاتی بەکاربەری نەوت لە جیهاندا، بە جۆرێک کە ڕۆژانە 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بەکاردەبات، لە دوای ئەویش هیندستان بە پلەی سێیەم دێت و ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەبات".

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە لە ڕیزبەندیی وڵاتانی جیهاندا، بوتان کەمترین نەوت بەکاردەبات، کە بڕەکەی 2000 بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

دامەزراوەی "گلۆباڵ فایەرپاوەر" لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، "بەکاربردنی نەوت دەکەوێتە سەر بەهێزیی ئابووریی وڵاتەکە و گەشەی پیشەسازی تیایدا، هەروەها قەبارەی دانیشتووان."



‌ئێستا