×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ڕوونکردنەوەی بنەماڵەی ئەو پێشمەرگەیەی یەکێتی کە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر گیانیلەدەستدا

2020-08-04
مەجید هەرووتی
فۆتۆ: ئێستا گرافیک
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
بنەماڵەی مەجید هەرووتی، ئەو پێشمەرگەیەی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەناو زیندانی ئاسایشی هەولێردا گیانیلەدەستدا، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاب، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕووداوەکەیان "بە تیرۆرکردن" لەقەڵەم دا.

لە ڕوونکردنەوەکەدا کە ئاڕاستەی "ڕای گشتیی هەرێمی کوردستان، هاوسەرۆکان و ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئازادیخوازان لەناو هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران" کراوە، ئەوە خراوەتە ڕوو کە "مەجید ھەرووتی لە شەوی 14/13ی کانوونی دووەمی 2020، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ھێزێکی بەناو دژە تیرۆری پارتییەوە، بە ھاوکاریی ئاسایشی باسرمە و ئاسایشی سۆران، بەبێ ھیچ فەرمانێکی دادگا یان ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەی یاسایی، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و تيرۆرئاسا ڕفێندرا. لە دوای سێ ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسۆراخکردنی ڕۆڵەکەمان، ئاسایشی پارتی لە ڕۆژی 16ی کانوونی دووەمی 2020، لە ڕەفتارێکی نامرۆڤایەتیی دوور لە هەموو هەستێکی بەرپرسیارێتی و ئەدگارێکی ئەخلاقی، ئاگاداری کردینەوە بەوەی تەرمی (مەجید ھەرووتی) لە پزیشکی دادوەریی ھەولێرە."

لە ڕوونکردنەوەکەی بنەماڵەی پێشمەرگەی ناوبراودا هاتووە، "پارتی پێشبینی نەکردبوو ڕووداوەکە ڕای گشتیی کوردستان ڕابچڵەکێنێت، بەڵکو بەپێی ئەو سیناريۆ تیرۆرئاسایەی دەزگا سیخووڕی و تۆقێنەرەکەی دایتاشیبوو، بەوەی ڕۆڵەکەمان لە زیندان بەدەستی خۆی خۆی خنکاندووە، ڕووداوەکە پەردەپۆش دەکات و مەرگەکەی بێشوناس و بە هەڵم دەکرێت و زۆر ئاسان بیردەچێتەوە، بەڵام ھەر زوو سیناریۆ نەزۆکەکەی پارتی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بوو."

بنەماڵەی "مەجید هەرووتی" ڕووداوەکەیان بە "سەرەتایەکی ترسناک" دژی ئازادی و دیموکراسی و بەهاکانی مرۆڤایەتی لە قەڵەم داوە و ڕایانگەیاندووە، "ئەم ڕووداوە ھۆشدارییەکی ڕوونی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکەی پارتییە بۆ خەڵکی کوردستان، کە ئەوەی لەگەڵیان نەبێت بەو جۆرە تیرۆری دەکەن و دواتر سیناریۆیەکی قێزەونی دەخەنە پاڵ."

لە ڕوونکردنەوەکە جەخت لەوە کراوەتەوە کە هیچ دەرئەنجامێکی ئەو لیژنانەی بۆ ڕووداوەکە پێکهێنرابوون، بۆ ڕای گشتی و بنەماڵەکەیان نەخراوەتە ڕوو.

بنەماڵەی ئەو پێشمەرگەیەی یەکێتی کە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر گیانیلەدەستدا، داوایان لە هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کردووە "ڕێگە نەدەن ئاکام و ئاشکراکردنی ئەم تاوانە دەرهەق بە پێشمەرگەيەکی یەکێتی وەک چەندان کاری قێزەونی دیکەی پارتی دیزەبەدەرخۆنە بکرێت، چونکە ئەمە ئاسەواری خراپ لەسەر متمانەی ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی بەرانبەر بە پاراستن و بەتەنگەوەبوونی حزبەکەیان لە بەرانبەر هەڕەشەی پارتی لەسەر ژیان و ئازادی و ماڵیان بەجێدەهێڵێت."

لە ڕۆژی 16ی کانوونی دووەمی 2020، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە "دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی بڕی (60) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەلایەن مەفرەزەیەکی ئاسیشەوە و وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەوەی کە خاوەندارێتیی ماددەکە دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتی (مەجید برایم عەبدوڵا)، ڕەزامەندی بەڕێز دادوەر وەرگیرا بۆ دەسگیرکردنی." لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "بەداخەوە لە ڕۆژی 16/1/2020، ناوبراو لەناو بەندیخانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا."


دەقی ڕوونکردنەوەکەی بنەماڵەی "مەجید هەرووتی"

بۆ: ڕای گشتی، لە هەرێمی کوردستان، بەڕێزان؛ ھاوسەرۆکان و ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نيشتمانیی کوردستان، ئازادیخوازان لەناو هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران.

سەرەتا وەک بنەماڵەی شەھیدی ستەم (مەجید ھەرووتی)، سوپاس و پێزانینی خۆمان لە هەمبەر پەرۆشی و هاوخەمیی خەڵکی خاوەن هەڵویست و بەویژدان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دووپات دەکەینەوە، کە لە سەرەتای ڕووداوی تيرۆرکردنی ڕۆڵەکەمان تەواو ھاوکار و ھاوسۆز بوون.

وەک وەبیرھێنانەوەیەک بۆ ڕای گشتی:
مەجید ھەرووتی لە ڕێکەوتی شەوی 14/13ی 1ی 2020 لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفێندرا، لەلایەن ھێزێکی بەناو دژە تیرۆری پارتییەوە بە ھاوکاری ئاسایشی باسرمە و ئاسایشی سۆران بەبێ ھیچ فەرمانێکی دادگا یان ئاگەدارکردنەوەیەکی پێشوەختەی یاسایی بەشێوەیەکی نا مرۆڤانە و تيرۆرئاسا؛ لە دوای سێ ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسۆراخکردنی ڕۆڵەکەمان ئاسایشی پارتی لە ڕێکەوتی 16ی 1ی 2020 لە ڕەفتارێکی نامرۆڤایەتی دوور لە هەموو هەستێکی بەرپرسیارێتی و ئەدگارێکی ئەخلاقی ئاگاداری کردینەوە، بەوەی تەرمی (مەجید ھەرووتی) لە پزیشکی دادوەریی ھەولێرە.

پارتی پێشبینی نەکردبوو ڕووداوەکە ڕای گشتیی کوردستان ڕابچڵەکێنێت، بەڵکو بەپێی ئەو سیناريۆ تیرۆرئاسایەی دەزگا سیخوڕی و تۆقێنەرەکەی دایتاشیبوو، بەوەی ڕۆڵەکەمان لە زیندان بەدەستی خۆی خۆی خنکاندووە، ڕووداوەکە پەردەپۆش دەکات و مەرگەکەی بێ شوناس و بە هەڵم دەکرێت زۆر ئاسان بیردەچێتەوە، بەڵام ھەر زوو سیناریۆ نەزۆکەکەی پارتی بۆ ڕای گشتی ئاشکرابوو.

ئەم ستەمەی ئەنجامدرا دژ بە ڕۆڵەکەمان و بنەماڵەکەمان سەرەتاییەکی ترسناک بوو دژ بە ئازادی و دیموکراسی و بەھا پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی، ھەروەھا ئەم ڕووداوە ھۆشدارییەکی ڕوونی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکەی پارتییە بۆ خەڵکی کوردستان کە ئەوەی لەگەڵیان نەبێت بەو جۆرە تیرۆری دەکەن و دواتر سیناریۆیەکی قێزەونی دەخەنە پاڵ.

لە سەروبەندی ڕووداوەکەدا، بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی و لیژنەیەکی حکومی (ئەم لیژنە حکومییە پێکھاتبوو لە ئەندامانی دەزگای زانیاریی یەکێتی و دەزگای پاراستنی پارتی)، بە مەبەستی ئاشکراکردنی ڕاستیی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتیی کوردستان بەڵام تا ئێستا ھیچ دەرئەنجامێکی ئەو لیژنانە نەخراوتە ڕوو بۆ ڕای گشتی و بنەماڵەکەمان.

ئێمە وەک بنەماڵە و خێزان و منداڵەکانی (مەجید ھەرووتی) داوا دەکەین لە (کاک لاھور شێخ جەنگی و کاک بافڵ تاڵەبانی) ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نوێ، ڕێگە نەدەن ئاکام و ئاشکراکردنی ئەم تاوانە دەرهەق بە پێشمەرگەيەکی یەکێتی وەک چەندان کاری قێزەونی تری پارتی دیزەبەدەرخۆنە بکرێت، چونکە ئەمە ئاسەواری خراپ لەسەر متمانەی ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی بەرانبەر بە پاراستن و بەتەنگەوەبوونی حزبەکەیان لە بەرانبەر هەڕەشەی پارتی لەسەر ژیان و ئازادی و ماڵیان بەجێدەهێڵێت. ئێمە وەک بنەماڵەکەمان دەپرسین لە ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نوێ "ئایا ئێوە وەک ھاوسەرۆکان و یەکێتیی نوێ، قبووڵی دەکەن پێشمەرگەکانتان بڕفێنن و لەژێر تەعزیب و ئەشکەنجدان بە شێوەیەکی دڕندانە ڕۆحی لە جەستە دەربکەن؟" دواتریش سیناریۆی جۆراوجۆری بۆ بەیان بکەن. ئێمە وەک بنەماڵەی (مەجید ھەرووتی) تەواو دڵنیاین لە ئەستۆپاکیی ڕۆڵەکەمان، ئەگەر ڕۆڵەکەمان تۆمەتبار بێت بە کارێکی نایاسایی، ئەوا دەسەڵاتدارانی پارتی دەیانتوانی ڕووبەڕووی دادگا و یاسا بکەنەوە، ئەوکات ئەستۆپاکی و گوناھباری بە دیار دەکەوت.

پارتی دوور و نزیک ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەبەر دەست نەبووە لەسەر تۆمەتبارکردنی ڕۆڵەکەمان تەنھا پڕۆپاگەندە و قسەی سواو دەھۆننەوە. ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕۆڵەکەمان لە لایەن پۆلیس و دادگا داواکراو نەبووە، ئەگەر ھەر پێشینەیەکی تاوانکاری ھەبووبێت لە پۆلیس یان دادگاکان، دەتوانن بیخەنە ڕوو بۆ ڕای گشتی.

ئێمە وەک بنەماڵەکەمان بۆچوونمان وایە، ئەم سیناریۆ دروستکراوەی پارتی لە ھەمبەر ڕۆڵەکەمان، تەنھا و تەنها ئەوەمان پێدەڵێت، کە پارتی وەک حزبێکی تاکڕەو، ئامانجی تۆقاندن و سڕینەوەی سەرجەم ئەو هێز و دەنگە ئازادیخوازانەیە، کە نەیار و بەرهەڵستی ڕەفتارە قێزەونەکانی پارتی دەکەن، پارتی بەم سیناریۆیە ویستی یەکێتیی نوێ تاقیبکاتەوە، ئاخۆ تا چەند وەک جاران دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکات، پارتی دەیەوێت بزانێت کە ئاخۆ ئەم سەرکردایەتییە نوێیەی یەکێتی جیاواز لە پێشوو نەرمی دەنوێنێت لە ئاست پارتی یاخود نەخێر؟ بۆیە ئەمە یەکەم و دوا ڕەفتاری پارتی نابێت بەرانبەر بە ئەندام و لایەنگرانی هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی بەتایبەت یەکێتی، بۆیە دەپرسین ئایا هاوسەرۆکانی یەکێتی ئەمە تا چەند لە پارتی قبووڵ دەکەن؟

ئێمە وەک بنەماڵەی قوربانیی دەستی زوڵم (مەجید ھەرووتی) ماوەی چەند مانگێکە چاوەڕوانی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکان دەکەین، وەک ئەندامانی بنەماڵەکەمان ماوەیەکی دیکە چاوەڕوان دەکەین، ئەگەر دەرئەنجامەکان بۆ ئێمە و ڕای گشتی نەخرێتە ڕوو، ئەوا دەستەوسان نابین، ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین لە شێوەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە بەردەم قونسوڵخانەکانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێم و جووڵاندنی ڕای گشتی، ھەروەھا پەنا دەبەینە بەر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە بەردەم دادگاکانی عێراق دژ بە بکەرانی ئەو تاوانە.

لە کۆتاییدا، بنەڵەکەمان دووبارە داوا لە یەکێتیی نوێ بە تایبەت (کاک لاھور شێخ جەنگی و کاک بافڵ تاڵەبانی) ھاوسەرۆکەکانی یەکێتیی نوێ دەکەین، کە چارەنووسی خوێنی ڕۆڵەکەمان بۆ ئاشکرا بکەن و مافی وەرگرنەوە، جێی وەبیرھێنانەوەیە کاک لاھور لەو کاتەدا پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی بنەماڵەکەمان کردبوو و بەڵێنی دابوو کە لە خوێنی مەجید ھەرووتی خۆش نابن و بکەرانی دەدەن بە یاسا، ھیواخوازین ئیدی ڕێگە نەدەن لایەنگرانی یەکێتی لەژێر تەعزیبی ستەمکاران گیان لەدەست بدەن.



‌ئێستا