×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبووەوە

2020-08-04
کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی
فۆتۆ: ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق
ئێستا
سەرۆککۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاب، لەگەڵ هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە کۆبووەوە و چەند پرسێکی ناوخۆ و ناوچەییان تاوتوێکرد.

نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی گرنگ و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەسەر کرا".

سەرۆککۆمار لەگەڵ هاوسەرۆکان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەختیان لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و قەیرانەکان کردەوە، ئەویش بە هەماهەنگی لە نێوان گشت لایەنە سیاسییەکان لەپێناو تێپەڕاندنی دۆخەکە و کۆتاییهێنان بە کێشە و قەیرانەکان، بە شێوەیەک لە بەرژەوەندیی پرۆسەی سیاسی و هێنانەدی داوا ڕەواکانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان بۆ ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران بێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هەردوولا سەبارەت بە بژێویی ژیانی هاوڵاتییان و مووچەی مووچەخۆران لە سەروبەندی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەرهاویشتەکانی لەسەر ژیان و ئابووری، جەختیان لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی پرسی دابینکردنی بژێوی هاوڵاتییان و مووچە کردەوە، "بەتایبەتی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەک بەزوویی کۆتایی بە پرسەکە بهێنن، ئەویش لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی ئەو گرفتە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان کرابوو، کە بەم دواییە سەریهەڵداوە. سەرۆککۆمار و هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش گرنگیی ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی و گەیشتن بە ڕێگاچارەی گونجاویان دووپاتکردەوە، ئەویش بە ئامانجی دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازییە پێویستەکان لە گشت بوارەکان بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.



‌ئێستا