×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

بەرهەم ساڵح: پاڵپشتی وادەی پێشنیازکراوی کازمی دەکەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت

2020-08-04
بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی
فۆتۆ: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق
ئێستا
ئێستا
سەرۆککۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاب، ڕایگەیاند پاڵپشتی پێشنیازی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ڕۆژی 6ی حوزەیرانی 2021.

نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی دەستنیشانکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن مستەفا کازمییەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پێشوازی لە ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران لەبارەی پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەین، ئەویش وەک پابەندبوون بە بەڵێنەکانی بەرنامەی حکومی".

ڕۆژی 31ی تەمموز، مستەفا کازمی لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دەستنیشانکرد، کە بڕیارە 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021 ئەنجامبدرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆککۆمار داوای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە یاسای هەڵبژاردنەکان بە زووترین کات تەواوبکەن، دواتریش بینێرن بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار تاوەکو پەسەندبکرێت و بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی بدرێت.

سەرۆککۆمار داواشی کرد، "بەخێرایی بڕیار لەسەر گۆڕینی یاسای دادگای باڵای فیدراڵ بدرێت"، جەختیشی کردەوە لەسەر "دابینکردنی بودجە و ئاسانکاریی داواکراو بۆ کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە شێوەیەک سەربەخۆیی کۆمسیۆنەکە و بێگەردی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بپارێزێت".

دوای ڕاگەیەنراوەکەی کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، محەممەد حەلبووسی داوای نزیککردنەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت و کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنەکەی لەو بارەیەوە کرد. سەرەڕای ئەوەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردبووەوە کە سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی ئەوەی نییە وادەی هەڵبژاردنەکە دەستنیشانبکات.



‌ئێستا