×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان چەند بڕیارێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەرکرد

2020-08-04
نەخۆشخانەی قەڵا تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە گەرمیان
فۆتۆ: AA
ئێستا - گەرمیان
ئێستا
ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاب، سەبارەت بە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە و له‌ژێر ڕۆشنایی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان، چەند بڕیارێکی دەرکرد.


دەقی بڕیاره‌كان:

یه‌كه‌م: پابه‌ندبوون به‌ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی بڕگه‌كانی به‌یانی ژماره‌ (46)ی ساڵی 2020ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به ‌میكانیزمی گونجاو و پێویست و له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی ته‌ندروستیی گه‌رمیان.

دووه‌م: ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ دۆخی ته‌ندروستیی گه‌رمیان، له‌ژێر ڕۆشنایی یاداشت و ڕاسپارده‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی گه‌رمیاندا، كردووه‌ و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م خاڵانه‌:

1. پێویسته‌ سه‌رجه‌م (ماركێت و ڕیستۆرانت و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان و سه‌نته‌ر و نۆڕینگه ‌پزیشكییه‌كان و پزیشكی ددان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و تاقیگه‌یی و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان و پاركه‌كان و كافتریا و چاخانه‌كان و هۆڵه‌كانی وه‌رزش و له‌شجوانی و مه‌له‌وانگه‌كان) به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی و جێبه‌جێكردنی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان، كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ هه‌ریه‌كێك له‌و كار و پیشه‌ جیاوازانه‌ سزای دیاریكراو له ‌به‌یانی ژماره ‌46ی وه‌زاره‌تی ناوخۆیان به‌ سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

2. به‌رده‌وامیدان به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی گشت بۆنه‌كان (پرسه‌ی ماته‌مینی، ئاهه‌نگ و بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان)

3. ڕاگرتنی هاتوچۆ له‌نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بۆماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌.

4. ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان قائیمقامیه‌ته‌كانی سنووره‌كه‌ی ڕاده‌سپێرێت، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی گه‌رمیان و پۆلیسی گه‌رمیان، له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست به‌رانبه‌ر ئه‌و شوفێرانه‌ی بە ئۆتۆمبێلی (تایبه‌ت، كرێ، بارهه‌ڵگر و ئۆتۆمبێلی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ناوشار) كارده‌كه‌ن و خۆیان و سه‌رنشینه‌كانیشیان پابه‌ندنه‌بوون به‌ جێبه‌جێكردنی ڕێنماییه‌كان، بڕگه‌ی یازده‌یه‌م له ‌به‌یانی ژماره ‌46ی وه‌زاره‌تی ناوخۆیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت.

5. دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌بێت كارمه‌ندان و كرێكاره‌كانیان پابه‌ند بكه‌ن به‌ به‌ستنی ده‌مامك و ڕێنماییه‌ خۆپارێزییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن، به ‌پێچه‌وانه‌وه بە ‌بڕی (150000) سه‌دوپه‌نجا هه‌زار دینار، خاوه‌نی دامه‌زراوه‌كه‌ سزا ده‌درێت.

6. ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان له ‌نزیكه‌وه ‌چاودێریی جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیار و ڕاسپاردانه‌ ده‌كات، ئه‌و لیژنەیانه‌ی كه ‌له‌ پێشووتردا پێكهێنراون بۆ به‌دواداچوون و پشكنین ئاكتیڤ ده‌كرێنه‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانییان ده‌بێت، هەروەها ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیانیش پشت به‌ ڕاپۆرته‌كانیان ده‌به‌ستێت، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ر لیژنه‌یه‌ك كه‌مته‌رخه‌می له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیاندا به‌دی بكرێت، تووشی لێپێچه‌نه‌وه‌ی یاسایی ده‌بێت.

7. پێكهێنانی لیژنه‌ی باڵای پشكینین و به‌دواداچوون له‌سه‌ر ئاستی ئیداره‌ی گه‌رمیان (به ‌سه‌رۆكایه‌تیی ئیداره‌ی گه‌رمیان و ئه‌ندامێتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سنووره‌كه‌) تایبه‌ت به‌ پرسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

8. ده‌سه‌ڵات ده‌درێت به ‌قائیمقامیه‌ته‌كانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌ر ڕێوشوێنێكی دیكه‌ی پێویست بۆ خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.

9. ئه‌م بڕیارانه‌ له‌ كاتژمێر (12ی شه‌وی 5ی ئاب)ـەوە جێبه‌جێ ده‌كرێت.



‌ئێستا