×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئێستا وردەکاریی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد بڵاودەکاتەوە

2020-08-04
کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێم و بەرپرسانی باڵای عێراق
فۆتۆ: .
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
بڕیارە شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان، لە ماوەیەکی نزیکدا بچێتە بەغداد و "مەبەستی سەردانەکەی ئەمجارەی شاندەکە بۆ خاڵبەندیی ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان هەرێم و بەغدادە."

تۆڕی میدیایی ئێستا، لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی، "بەم نزیکانە شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ خاڵبەندیی ڕێککەوتنی کۆتایی دەچێتەوە بەغداد، پاش ئەوەی لە دانوستانەکانی پێشووی نێوان هەردوولادا، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر پرسە ناکۆکەکانی نێوانیان." 

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، لە سەردانی ئەمجارەی شاندەکەدا ئەوەی ماوە لەبارەی نووسینی وردەکاری و خاڵبەندییەکانی ڕێککەوتنەکەوە، تەواو دەکرێت.

تۆڕی میدیایی ئێستا ئەوەشی زانیوە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی تاوەکو ئێستا لە دانیشتنەکانی پێشوو بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ حکومەتی عێراق پێی گەیشتوون، بەغداد بەشێک لە بودجەی هەرێم دەنێرێت، لە بەرانبەردا هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە داهاتی ناوخۆیی ڕەوانەی خەزێنەی حکومەتی فیدراڵ دەکات.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو پارەیەی بەغداد دەینێرێت بە تەواوی بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵام بەو داهاتە ناوخۆییەی لەبەردەستدایە، حکومەت دەتوانێت مووچە دابەش بکات.

سەبارەت بە ماوەی بەردەوامیی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد و ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، سەرچاوەکە وتی، "ماوەی ناردنی پارەکە و کارکردن بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، تاوەکو ئەو کاتەیە کە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق پەسەند دەکرێت، کە لە کۆتایی ساڵی 2020-2021ـدا پەسەند دەکرێت، ئەوکاتەش لە بودجەی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت و لە دوای ئەوە کار بە یاسای بودجە دەکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئێستادا تاوەکو پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە کار بە "یاسای ئیدارەی مالیی عێراق" دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، سێ جار سەردانی بەغدادی کردووە و ژمارەیەک کۆبوونەوە و دانوستانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق ئەنجامداوە، دەرەنجامی کۆبوونەوەکانیش "ڕێککەوتنیان بووە لەسەر ناردنی بڕێک پارە بۆ هەرێم و ڕادەستکردنی بەشێکی داهاتی ناوخۆی هەرێم بە بەغداد."



‌ئێستا