×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

دوو فڕۆکەی تورکی گوندێکی شارباژێڕیان بۆردومانکرد

2020-08-04
سێڕیانی گوندی کوێرەکانی
فۆتۆ: Social Media
ئێستا
ئێستا
قائیمقامی قەزای ماوەت، کامەران حەسەن، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاب، ڕایگەیاند دوو فڕۆکەی تورکی لە سنووری شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆردومانیان کردووە و ئاگرێکی گەورە لێکەوتووەتەوە.

کامەران حەسەن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، "ئەمڕۆ کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، دوو فڕۆکەی تورکی بۆردومانی ژاژۆلان و کوێرەکانییان لە دەوروبەری گوندی گەڵالە کردووە".

قائیمقامەکەی قەزای ماوەت ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی ئەوەی ناوچەکە ڕەز و باخە و شوێنی بنێشتکردنە، ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵنەکراوە".

کامەران حەسەن باسی لەوەش کرد کە بۆردومانەکە زیانی گیانی نەبووە.

ڕۆژی 25ی حوزەیران، فڕۆکەیەکی تورکی بۆردومانی سەیرانگای کونەماسی لە سنووری شارباژێڕ کرد و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

ئەوکات، قائیمقامی شارباژێڕ، شاهۆ عوسمان ئاماژەی بەوە کردبوو کە شەش کەس برینداربووبوون و چەکدارێکیش کوژرابوو، "بریندارەکان دوو منداڵ و دوو ژن و دوو پیاوی دانیشتووی گوندی کونەماسی بوون".



‌ئێستا