×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

تاڵیبان و ئەمریکا: ئازادکردنی زیندانییان مەرجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەفغانستانە

2020-08-04
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
ئێستا - ڕۆیتەرز
ئێستا
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپەیۆ و بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی تاڵیبان، مەلا عەبدولغەنی برادەر، ڕۆژی دووشەممە 3ی ئاب، جەختیان لەسەر گرنگیی ئازادکردنی زیندانییەکانی تاڵیبان کردەوە وەک مەرجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان.

وتەبێژی بزووتنەوەکە، سوهەیل شاهین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیوویەتی، "مەلا برادەر ئاخوند و دەستەکەی لەگەڵ مایک پۆمپەیۆ لەڕێی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە چاویان بەیەککەوت".

سوهەیل شاهین ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی ئازادکردنی زیندانییەکانی دیکەی تاڵیبانیان کردووەتەوە، بە ئامانجی دەستپێکردەوەی دانوستانی بزووتنەوەکە و حکومەتی ئەفغانی.

چاوپێکەوتنەکەی برادەر و پۆمپەیۆ دوای ئەوە هات کە حکومەتی ئەفغانی سەدان زیندانیی دیکەی تاڵیبانی ئازادکرد. دواکەوتنی پرۆسەی ئازادکردنەکەش گەورەترین بەربەستی بەردەم دانوستانەکانی حکومەت و تاڵیبان بووە، بەوپێیەی دەبوو لە مانگی ئازارەوە دەستپێبکات.

لەماوەی ڕابردوودا گرژی و توندوتیژییەکانی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانی دەستپێکردەوە و توندتریش بوونەتەوە. لە کاتێکدا ڕۆژی 29ی شوبات، دوای نزیكەی دوو ساڵ لە كۆبوونەوە و دانوستان، دواجار ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ڕێككەوتنی "هێنانی ئاشتی بۆ ئەفغانستان"یان واژووكرد.

بەپێی ئەم ڕێككەوتنە، كە ئامانجی كۆتاییهێنانە بە شەڕی 19 ساڵەی ناوخۆی ئەفغانستان، ئەمریكا لەمیانی 135 ڕۆژدا ژمارەی سەربازەكانی لەو وڵاتە بۆ هەشت هەزار و 600 سەرباز كەم دەكاتەوە، ئەگەر تاڵیبان پابەندبێت بە ڕێككەوتنەكە و دانوستانی ئاشتی لەگەڵ حكومەتی كابوول ساز بكات، ئەوا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ماوەی 14 مانگدا تەواوی هێزەكانیان لە ئەفغانستان دەكێشنەوە.



‌ئێستا