×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

پۆلیسی سلێمانی: ئەم جەژنە بەراورد بە جەژنی ڕابردوو ڕووداوەکان کەمتر بوون

2020-08-04
پۆلیسی سلێمانی
فۆتۆ: .
ئێستا - سلێمانی
ئێستا
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، سەرکەوت ئەحمەد، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاب ڕایگەیاند لە چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هیچ حاڵەتێکی کوشتن و دزی کردنمان تۆمار نەکردووە و بەراورد بە جەژنی ڕابردوو ئارامتر بووە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، سەرکەوت ئەحمەد وتی، لە چوار ڕۆژی جەژندا یەک ڕووداوی تەقەکردن لە گەڕەکی بەکرەجۆ تۆمارکراوە، دوای 24 کاتژمێر لە ڕووداوەکە تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە.

سەرکەوت ئەحمەد وتیشی، ڕووداوێکی هاتوچۆش تۆمارکراوە کە تێیدا کەسێک گیانی لەدەستداوە، ڕووداوەکە لە نێوان ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکدا بووە کە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستداوە، هەروەها کەسێکیش کە گەشتیار بووە و لە شاری خانەقینەوە هاتووە لە ئاوی دەریاچەی دوکاندا خنکا. 

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەراورد بە جەژنی ڕابردوو و جەژنەکانی دیکەش ئەم جەژنە ئارامتربووە، لەگەڵ ئەوەی گەشتیاریش لە شارەکانی عێراقەوە هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی بەڵام ڕووداوەکان کەمبوون.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی هەرێم قەدەغەکراوە، هەروەها هاتنی گەشتیار لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقیشەوە قەدەغەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە گەشتیاران ڕوویان کردووەتە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس کە ساڵانە لە بۆنەکاندا ڕایدەگەیەنێت بەشێک لە ڕووداوەکان لە ناوچە گەشتیارییەکان و لە ناو گەشتیاراندا ڕوودەدەن.



‌ئێستا