×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وەزارەتی کارەبا: ئەو کارەبایەی حکومەتی عێراق لە تورکیاوە دەیهێنێت بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستانە

2020-08-04
تاوەرەکانی کارەبای نیشتمانی
فۆتۆ: Google
ئێستا - هەولێر
ئێستا
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئۆمێد ئەحمەد، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاب ڕایگەیاند حکومەتی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ هێنانی 450 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە و لەو بڕەش 150 مێگاواتی بۆ هەرێمی کوردستانە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد وتی، "ڕێککەوتنەکە لە نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای کارڵەوە کراوە و هەرێمی کوردستانیش ئاگاداری وردەکارییەکانە، بەپێی ڕێککەوتنەکە کارەبا لە ڕێگەی هێڵی کۆنی سلۆپی-زاخۆوە دەهێنرێت".

ئومێد ئەحمەد دەڵێت، لەو ڕێککەوتنەی لە نێوان کۆمپانیا تورکییەکە و حکومەتی عێراقدا کراوە بڕی 450 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکرێت، لەو بڕە کارەبایەش 150 مێگاواتی دەدرێت بە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە کاریگەری ئەو 150 مێگاواتە لەسەر کارەبای هەرێم، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا وتی، کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی مێگاوات و باشتربوونی پێدانی کارەبای نیشتمانی، هەروەها بەرزکردنەوەی ڤۆڵتییەی کارەبا کە دەبێتەهۆی زیاتر بەرگەگرتنی محاویلەکان.

ئەمڕۆ وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق ڕایگه‌یاند، له ‌چه‌ند رۆژی داهاتودا 200 مێگاوات كاره‌با لە تورکیاوە و 450 مێگاواتیش لە ڕێگه‌ی هێڵی خورمه‌ڵه‌- كه‌ركوك دەگەیەنرێتە بەغدادی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی باشووری عێراق.

لە هەرێمی کوردستان، ئێستا بڕی 3400 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت، خواستیش لەسەر کارەبا لەلایەن هاوڵاتییانەوە، 3700 مێگاواتە.



‌ئێستا