×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: شاندی ئێمە لەگەڵ پەکەکەدا کۆنەبووەتەوە

2020-08-04
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
فۆتۆ: گێتی ئیمەیجز
ئێستا - دەنگی ئەمریکا
ئێستا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاب، ڕەتیکردەوە شاندێکی وڵاتەکەی سەردانی قەندیلی کردبێت و لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆبووبێتەوە.

دەنگی ئەمریکا لێدوانی وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "هەواڵی کۆبوونەوەی کاربەدەستانی ئەمریکا لەگەڵ پەکەکە ڕاست نییە و کۆبوونەوەی لەو جۆرە ڕووینەداوە".

دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بە ناوی وتەبێژەکە نەکردووە، بەڵام ڕەتیکردبووەوە لەگەڵ پەکەکە کۆبووبێتنەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازیی لە سوپای ئەمریکاش بە دەنگی ئەمریکای وتووە، "هیچ کۆبوونەوەیەک نەکراوە و هەواڵەکان درۆن".

دوێنێ دووشەممە، هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە شاندێکی باڵای ئەمریکا سەردانی قەندیلی کردووە و لەگەڵ پەکەکەدا کۆبووەتەوە، گوایە شاندەکە بە چەند ئۆتۆمبێلێک لە قەندیل نزیکبوونەتەوە و چەند فڕۆکەیەکی جەنگی پارێزگاری لێکردوون.

لە ئێستادا پرسی هاوبەشی پەکەکە و ئەمریکا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات فەرمانڕەوایەتی دەکات و لە پەکەکەوە نزیکە، ئەمریکا لەو ناوچەیەدا چالاکی هەیە و پارێزگاری لە کێڵگە نەوتییەکان دەکات و پەرەیان پێدەدات.

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی "چنگی هەڵۆ" و "چنگی پڵنگ"ی بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، کە ئامانج لێی "ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پەکەکە و پاراستنی سنوورە تورکییەکانن".



‌ئێستا