×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

نەتەوە یەکگرتووەکان: داخرانی خوێندنگەکان نەوەکانی داهاتوومان تووشی کارەساتدەکات

2020-08-04
چۆڵبوونی هۆڵی خوێندنگەکان لە سەروبەندی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ
فۆتۆ: ئەسۆشییەتد پرێس
ئێستا - ڕۆیتەرز
ئێستا
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاب، هۆشداریدا کارەساتێک دووچاری نەوەکانی داهاتوو دەبێت، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی دەوامی خوێندنگەکان گەڕاندەوە، کە لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخراون.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لێدوانی ئەنتۆنیۆ گوتێرێسی لەمیانەی ڕاگەیاندنی کەمپینی "داهاتوومان بپارێزن" بڵاوکردەوە، کە تێیدا وتوویەتی، "تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تەمموز خوێندنگەکان لە 160 وڵاتی جیهان داخرابوون و کاریگەری بەسەر یەک ملیار خوێندکارەوە هەبووە، لە کاتێکدا لانیکەم 40 ملیۆن خوێندکاریش قۆناغی ئامادەکاریی پێش خوێندنگەیان لەدەستچووە".

سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونیشی کردەوە کە پێش پەتای جیهانیی کۆرۆنا، زیاتر لە 250 ملیۆن منداڵ لە خوێندنگەکان دەرهێنراون، هەروەها یەک لەسەر چواری خوێندکاری خوێندنگە ناوەندییەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکان، بە توانا سەرەتاییەکانیانەوە خوێندنیان بەجێهێشتووە.

گوتێرێس ئەم بارودۆخەی بە کارەساتێک وەسفکرد کە دووچاری نەوەکانی داهاتوو دەبێتەوە و توانا مرۆییەکان بەهەدەردەدات، هەروەها بەرەوپێشچوونی چەندین دەیە خاودەکاتەوە و زەمینە بۆ نایەکسانی خۆشدەکات.

سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان پێداگریکرد، "هەر کاتێک بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کۆنتڕۆڵکرا، دەبێت خاڵی لەپێشینەمان گەڕاندنەوەی خوێندکاران بۆ ناو خوێندنگەکان بێت. ڕاوێژکردن لەگەڵ دایک و باوک، چاودێران، مامۆستا و گەنجان ئەرکی سەرەکین".

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی تووشبووان بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە جیهان لە 18 ملیۆن و 500 هەزار کەس نزیکبووەتەوە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 700 کەس مردوون و زیاتر لە 11 ملیۆن کەسیش چاکبوونەتەوە.



‌ئێستا